شارەزایان بۆ هاووڵاتییان: دۆلار مەکڕن
شارەزایانی ئابووری و خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو داوا لە هاووڵاتیان دەکەن لەم قۆناخەدا مامەڵەی کڕینی دۆلار نەکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دڵەڕاوکێی لە بازاڕەکاندا دروست کردووە.
نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە ماوەیەکی کورتدا لە 153 هەزار دینارەوە بۆ سەرووی 168 هەزار دینار بەرز بووەوە. شوان حەمید، شارەزای دراو لە بازاڕی دراوی سلێمانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند: ئەو بەرزبوونەوەیەی ئێستا نائاسایی و نامەعقوولە، چونکە گۆڕانکارییەکە بەشێوەیەکی لەناکاو و خێرا روویداوە.
حەمید پێی وایە پەلەکردنی هاووڵاتیان بۆ گۆڕینەوەی پاشەکەوتەکانیان بۆ دۆلار، خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە. ئەو شارەزایە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەدا نیم هاووڵاتیان لەم کاتەدا دۆلار بکڕن، چونکە هاتنی دینارێکی زۆر بۆ بازاڕ بەمەبەستی کڕینی دراوی بیانی، خواست لەسەر دۆلار بەرز دەکاتەوە و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
هاوکات شوان محەمەد، شارەزای ئابووری، پەنجەی تۆمەت بۆ چەند کۆمپانیایەک درێژ دەکات و دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار پەیوەندی بە سیاسەتە داراییەکانی حکوومەتی عێراقەوە هەیە. بە گوتەی ئەو شارەزایە، چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو لە دوبەی و تورکیا کاریگەرییان لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار هەیە و قازانجی گەورە لەسەر حیسابی هاووڵاتیان دەکەن.
محەمەد روونیکردەوە، ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخ لە بەغداوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر بەهای دراو نادات. ئەو هۆشداری دەدات لەوەی ئەزموونی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی دووبارە نەبێتەوە، کە زیانێکی زۆری بە خاوەن پاشەکەوتەکان گەیاند.
دابەزینی بەهای دینار کاردانەوەی تووندی شەقامی عێراقی لێکەوتووەتەوە. شارەزایانی ئابووری سەرسوڕمانی خۆیان لەو سیاسەتەی حکوومەتی عێراق دەردەبڕن، کە بە ئامانجی زیادکردنی داهات، پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی دەبات.
کاسبکاران و بازرگانانی دراو بە گشتی دۆخی ئێستای بازاڕ بە بومەلەرزەیەکی ئابووری وەسف دەکەن. ئەوان داوا لە هاووڵاتیان دەکەن ئارام بگرن و لەم دۆخە نائاساییەدا خۆیان لە هەر مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی دراو بەدوور بگرن.