ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ گومان له قسه‌كانی رابون مه‌عروف ده‌كات و داوای به‌ڵگه‌ی لێ ده‌كات
"كاتێك رابون مه‌عروف له به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی نه‌وه‌ی نوێ به‌شدار بوو هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌شكه‌نجه‌دان و برینداری به روخسارییه‌وه دیار نه‌بوو"
K24- هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان داوا له رابون مه‌عروف، سه‌رۆكی لیستی نه‌وه‌ی نوێ له شاری هه‌ولێر ده‌كات، هه‌رچی به‌ڵگه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی كه باسی لێوه ده‌كات، گوایا هێرشی كراوه‌ته سه‌ر، پێشكه‌ش به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بكات و سكاڵای یاساییش له دادگا تۆمار بكات، ئه‌گه‌رنا گومان له‌و قسانه‌ی مه‌عروف ناڕه‌وێنه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤدا هاتووه، دوای ئه‌وه‌ی رابون مه‌عروف، كاندیدی لیستی نه‌وه‌ی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق باسی ئه‌وه ده‌كات، كه له 7ی ئه‌م مانگه له شاری هه‌ولێر هێرش كراوه‌ته سه‌ر و بریندار كراوه و دواتر رزگاری بووه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی باوه‌ڕبوون به پاراستنی مافی مرۆڤ و داكۆكیكردن له مافه‌كانیان، ده‌سته‌كه‌یان هه‌ر كارێكی له‌مجۆره ئیدانه ده‌كات و دا‌واشیان له ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردووه، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و پرسه بكه‌نه‌وه.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌وكات پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، كه مه‌عروف هیچ سكاڵایه‌كی تۆمار نه‌كردووه و هیچ زانیارییه‌كیشی له‌باره‌ی رووداوه‌كه و شوێنه‌كه و جۆری هێرشكردنه‌سه‌ری پێشكه‌ش نه‌كردووه، له‌ژێر ئه‌و رۆشناییهش ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كردووه و دا‌واشیان له‌و كاندیده‌ی نه‌وه‌ی نوێ كردووه، به‌ڵگه و زانیاری پێشكه‌ش به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بكات و سكاڵای یاساییش له‌دادگا تۆمار بكات.
به‌یاننامه‌كه به گومانه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كات، كاتێك مه‌عروف دوای 24 كاتژمێر له رووداوه‌كه، له به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی فه‌رمی نه‌وه‌ی نوێ "NRT" به‌شداریكرد، جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌و ئاماده نییه سكاڵا تۆمار بكات و زانیاری له‌باره‌ی رووداوه‌كه به پۆلیس بدات، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكردبوو، ئه‌و متمانه‌ی به ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر نییه، له‌مباره‌شه‌وه ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له به‌یاننامه‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، رابون مه‌عروف له به‌رنامه‌كه‌دا گوتی: "ئه‌و به‌سه‌ختی بریندار كراوه"، له‌كاتێكدا ته‌نیا 24 كاتژمێر تێپه‌ڕیبوون و هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌شكه‌نجه‌دان و برینداربوون به روخسارییه‌وه دیار نه‌بوو، له‌كاتی جووڵاندنی ده‌ست و به‌شه‌كانی دیكه‌ی له‌شی هیچ جووڵه‌یه‌ك به‌دی نه‌كرا كه ئه‌و قسانه‌ی مه‌عروف پشتڕاست بكاته‌وه.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ جه‌خت ده‌كاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه رێڕه‌وی یاسایی خۆی وه‌ربگرێت و تۆمه‌تباره راسته‌قینه‌كانی ئه‌و بابه‌ته ئاشكرا بكرێن، پێویسته به‌زووترین كات سه‌رۆكی لیستی نه‌وه‌ی نوێ له هه‌ولێر، سكاڵای یاسایی له دادگا تۆمار بكات و به‌ڵگه و زانیاریش له‌باره‌ی رووداوه‌كه به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بدات، ئه‌گه‌رنا گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه و قسه‌كانی مه‌عروف ناڕه‌وێنه‌وه و نابێته جێگای متمانهپێكردنی رای گشتی.
H.B