پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستیپێكرد

دەنگدانی گشتی لە دەرەوەی وڵات ئەمرۆ بەڕێوەدەچێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت لە ناوخۆی عێراق و ھەرێمی كوردستان و دەنگدانی عێراقییەكانی دەرەوەی وڵات، بۆ خولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

لە كاتژمێر 7بەیانی تا 6 ئێوارە، دەنگدانی ھێزە ئەمنییەكان بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا ئەندامانی ھێزە ئەمنییەكان لەو بنكانەی بۆیان دیاریكراوە، دەنگی خۆیان دەدەن، بە پێی ئامارەكانی كۆمیسیۆن، نزیكەی 940 ھەزار كەس مافی بەشداریان لە دەنگدانی تایبەت ھەیە و 492 بنكە بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت كراونەتەوە

ھەر ئەمڕۆ لە دەرەوەی عێراقیش دەنگدانی پەنابەرانی عێراق دەستیپێكردووە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. كە بەپێی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، لە 21 وڵات سندووقی دەنگدان داندراون و عێراقییەكان لە رێوشوێنەكانی دەنگدان ئامادە كراون و بە پێی ئامارەكان، زیاتر لە 900 ھەزار كەس لە دەرەوەی عێراق مافی دەنگدانیان ھەیە و دەنگدانیش وەك ناوخۆ بە شێوەی ئەلیكترۆنی نییە، بەڵكو ھەر ھاووڵاتییەكی عێراق لە دەرەوە داوای دوو ناسنامەی فەرمیی لێدەكرێت، دواتر دەتوانێت دەنگ بدات و یەكەم وڵاتیش كە دەنگدان لێی دەستیپێكردووە، نیوزلەندایە.

شەش ھەزار و 986 كاندید لە 320 لیست و كیانی سیاسی، كێبركێ لەسەر 328 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن و كاتژمێر 12ی ئەمشەویش بانگەشەی ھەڵبژاردن كۆتایی دێت، رۆژی 12/5/2018، ھەڵبژاردنی گشتی لەناوخۆی عێراق دەست پێدەكات.

ھ.م