لە سلێمانی ھەڕەشە لە دەنگدەران دەكرێت
پێشمەرگەیەك: تەنھا رێگە بە دەنگدەرانی لایەنێكی سیاسی دەدرێت دەنگ بدەن
K24 - سلێمانی
ژمارەیەك پێشمەرگە و كارمەندی ھێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی ئاشكرای دەكەن، لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئەو دەڤەرە رێگریان لێدەكرێت لە بنكەكانی دەنگدان بچنە ژوورەوە و دەنگ بدەن، تەنھا رێگە بە دەنگدەرانی لایەنێكی سیاسی دەدرێت.
یەكێك لە پێشمەرگەكانی سەر بە فەرماندەی زێرەڤانی لە سلێمانی، كە بە كوردستان24 راگەیاند: "لایەنێكی سیاسی رێگری دەكات كە ھەموو پێشمەرگەكان دەنگ بدەن، تەنھا ئەو پێشمەرگانەی سەر بەخۆیانە رێگەیان پێدەدەن لە بنكەكانی دەنگدان بچنە ژوورەوە و دەنگ بدەن".
یەكێكی دیكە لە پێشمەرگەكان لە بنكەی دەنگدانی قوتابخانەی رووناكی لە بەكرەجۆ رایگەیاند: "لە بەیانیەوە دەمانەوێ دەنگ بدەین نەك ھەر رێگریمان لێدەكرێت، بەڵكو سوكایەتیمان پێدەكرێت و چەكیان بەرامبەر راگرتووین، لەسەردەمی بەعسیش بەوشێوەیە خەڵك ھەڕەشە لە خەڵك نەكراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە چونكە دەزانن ئەو پێشمەرگانە دەنگدەری پارتی دیموكراتی كوردستانن".
گوتیشی: "نەك ھەر پێشمەرگە رێگەنادەن كەناڵەكانی راگەیاندنیش كە سەر بەخۆیان نەبن رێگریان لێدەكەن رووماڵی بنكەكانی دەنگدان بكەن".
پێشمەرگەیەكی دیكە دەڵێت: "كە ویستم لە بنكەی دەنگدان بچمە ژوورەوە ھێزەكانی بەردەم بنكەكان ھاواریان كرد لێیدەن ئەوە پێشمەرگەی پارتییە، ھەر پێشمەرگە و كارمەندێكی ھێزە ئەمنییەكان كە سەر بە خۆیان نەبێت رێگەنادەن دەنگ بدەن، ئێستا لە سلێمانی دەنگدان تەنھا بۆ لایەنێكی سیاسی بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوانی دیكە وەستاوە".
یەكێكی دیكە لە دەنگدەران بە كوردستان24 گوت: "كە چوومە گوتم یەكێتیم بۆیە رێگەیاندا و چووم دەنگمدا".