لە دەڤەری برادۆست شەڕێكی سەخت لەنێوان پەكەكە و توركیا روویدا
"گەریلاكانی پەكەكە سوویان لە كەشوھەوا وەرگرتووە"
K24 - سۆران
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێزەكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆستی سنووری ناحییەی سیدەكان ھێرشیان كردە سەر سوپای توركیا و تائێستا زیانەكانی شەڕەكە ئاشكرا نەكراون.
سەرچاوەیەك لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە هێزەكانی عێراق لە ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان بە کوردستان24 راگەیاند: "لە کاتژمێر9 و 30 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) هێرشیان کردە سەر هێزەکانی تورکیا لە چیای دێل لە دەڤەری برادۆستی سەر بە شارەدێی سیدەکان، ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك شەڕێكی سەخت بەردەوام بوو، تائێستاش دەنگی تەقە لەناوچەكە دەبیسترێت".
سەرچاوەكە گوتیشی: "گەریلاكانی پەكەكە بۆ ھێرشكردنە سەر سوپای توركیا سوودیان لە كەشوھەوا وەرگرتووەو تائێستا زیانەكانی سەربازانی توركیا و گەریلاكانی پەكەكە نەزانراوە".
لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە، سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی كردە سەر ھێزەكانی پەكەكە و بە قوڵایی زیاتر لە 20 كیلۆمەتر سنووری ھەرێمی كوردستانی بەزاندووە.
ھ.م