هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كوردستان 24 ده‌كرێت

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 وۆركشۆپێك به‌ڕێوه‌ ده‌بات

K24 - هه‌ولێر:

دوای نزیكه‌ی 2 ساڵ و نیو له‌ ده‌ستپێكردنی په‌خشی پرۆگرامه‌كانی، كوردستان 24 كه‌ له‌ رۆژی 31/10/2015 ده‌ستی به‌ كاركردن كرد، ئه‌مڕۆ 10/5/2018 هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانی ماوه‌ی رابردووی ده‌كرێت.

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 بۆ ئه‌و مه‌به‌سته فۆكس گرووپێكی‌ به‌ میوانداریكردنی ژماره‌یه‌ك شاره‌زای بواری میدیا و رۆژنامه‌وانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، له‌و وۆركشۆپێكیدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پرۆگرام و شێوازی كاركردنی كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌كات.

ته‌وه‌ره‌كانی وۆركشۆپه‌كه‌ بریتین له‌:

 ته‌وه‌ری هه‌واڵ و به‌رنامه‌ سیاسییه‌كان.

ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كان.

ته‌وه‌ری هونه‌ری و ته‌كنیكی.

ته‌وه‌ری زمانه‌وانی.

وۆركشۆپه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 10:00 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستیپێكردووه‌و تا كاتژمێر 2:00 پاشنیوه‌ڕۆ به‌رده‌وام ده‌بێت.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی وۆركشۆپه‌كه‌وه‌ گووتی: "ژماره‌یه‌كی زۆری میدیاكاران و رۆژنامه‌وانانی كورد و بیانی و كه‌سانی پسپۆڕ به‌شدارن".

عومه‌ر عه‌بدولقادر كه‌ رۆژنامه‌وانێكی كورده‌ و خه‌ڵاتی جیهانی له‌بواری میدیا وه‌رگرتووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ به‌شدارانی وۆركشۆپه‌كه‌ گووتی: "جێگای شانازییه‌ كه‌ كوردستان 24 خاوه‌ن سه‌نته‌رێكه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانی خۆی ده‌كات تا به‌ چاوی ره‌خنه‌وه‌ ته‌ماشای كاره‌كانی كه‌ناڵه‌كه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا كاری باشتر بكات".

هه‌روه‌ها گووتی، له‌و ته‌مه‌نه‌ كوته‌ی هه‌یه‌تی كوردستان 24 توانیوویه‌تی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و ریفراندۆم كاریگه‌ری هه‌بێت و خاوه‌نی په‌یامی خۆی بووه‌و تیمه‌كانی له‌ زۆر شوێن ئاماده‌ییان هه‌بووه‌و كه‌ناڵێكیشه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ هیچ شوێنێكی جیهان قه‌ده‌غه‌ كرابێت".

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 رۆژی چوارشه‌ممه‌ 25/4/2018 به‌ سازدانی دیبه‌یتێك بۆ سێ به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌باره‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی به‌كاركردن كرد و له‌ دووه‌م كاریشیدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانی كه‌ناڵی كوردستان 24 ده‌كات.

دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌، رۆژی 31/10/2015 ته‌له‌ڤزیۆن و وێب سایت و سوشیال میدیاكانی كوردستان 24 و دواتریش رادیۆی كوردستان 24 كه‌وتنه‌ كار و دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو كاركردن، ئێواره‌ی رۆژی 25/4/2018 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسییه‌كه‌یشی ده‌ست به‌ كار ده‌كات و یه‌كه‌مین چالاكیشی به‌ دیبه‌تی ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ست پێده‌كات.

دیبه‌یته‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه‌و له‌ ته‌له‌ڤیزیۆن و وێب سایت و رادیۆ و سۆشیال میدیاكانی كوردستان 24 رووماڵ ده‌كرێت.