پێشمەرگەیەك بە سەختی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەشكەنجە دەدرێت
بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان گەڕاوەتەوە ناوچەكەیان
K24 - دھۆك
پێشمەرگەیەك كە دەیەوێت بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان بچێتە سنووری مووسڵ، لە بازگەیەكی حەشدی شەعبی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و بە شێوەیەكی نامرۆڤانە ئەشكەنجە دەدرێت.
پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "پێشمەرگەیەك بەناوی رێبەر تاھیر، ویستوویەتی بچێتە باشیك و كارتی دەنگدان وەربگرێتەوە، لە یەكێك لە بازگەكانی حەشدی شەعبی كە دەزانن پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەن و ئەویش پێیان دەڵێت، كە دەیەوێت بچێت كارتی دەنگدان وەربگرێتەوە، كە دەزانن پێشمەرگەی پارتییە بە سەختی ئەشكەنجەی دەدەن و پێی دەڵێن، لە پردێ تۆ شەڕی ھێزەكانی عێراقیت كردووە، بەھۆی ئەشكەنجەدانیەوە چەند رۆژێكە بێھۆشە و لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دھۆك لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و پزیشكەكان دەڵێن، باری تەندروستی ناجێگیرە".
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی 14 مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ھەواڵی ئەشكەنجەدانی ئەو پێشمەرگەیە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی، بە كوردستان24 گوت: "چەند پێشمەرگە و ئەندامی دیكەمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تووشی ئەشكەنجەدان بوونەتەوە، ھەروەھا زۆر لەو ھاووڵاتیانەی كە ئاوارەن و ویستوویانە بچنە مووسڵ كارتی دەنگدان وەرگرنەوە لەلایەن چەكدارانی حەشد رێگریان لێكراوە و ئازاردراون".
بۆ زانیاری زیاتر پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك، پەیوەندی بە كەسوكاری ئەو پێشمەرگەوە كرد، بەڵام رایانگەاند، كە ئەوان لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانن لێدوان بدەن، چونكە لە بازگەكانی سنووری مووسڵ رێگریان لێدەكرێت بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
ھ.م