له هه‌ندرێن عێراق شكستی هێنا و ناچار به دانوستان بوو
سبه‌ی 52 ساڵ به‌سه‌ر داستانی هه‌ندرێن تێپه‌ڕده‌بێت
K24 – سۆران:
سبەی 12ی گوڵان, 52 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر داستانێكی پێشمه‌رگه كه به یه‌كێك لە دیارترین داستانه‌كان داده‌نرێت له مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد.
داستانی هه‌ندرێن ئه‌و داستانه‌ی كوردی برده قۆناخێكی نوێوە به‌هۆی ئه‌وه‌ی شكستی به‌گه‌وره‌ترین هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی رژێمی ئه‌وسای عێراق هێناو حكوومه‌تی عێراقی ناچار كرد واز له‌بیرۆكەی سه‌ربازی بھێنێ و پەنا بباتە بەر رێكاری دانووساندن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد به رابه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی.
پێشمه‌رگه‌یه‌ك، كه به‌شداری له‌و داستانه‌دا كردووه، ئێستا ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته 86 ساڵ و به‌هۆی به‌ساڵاچوونیه‌وه به‌ده‌ست چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌ناڵێنێت و توانانی گفتۆگۆی نيیه.
عزه‌ت سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی داستانی هه‌ندرێنه كه به‌رله 52 ساڵ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه تۆماركراوه، یه‌كێك له كوڕه‌كانی یاده‌وه‌ريیه‌كانی ڕۆژانی خه‌بات و تیكۆشانی باوكی و یاوه‌رانی نووسیوه‌ته‌وه، داستانی هه‌ندرێنيش یه‌كێك له‌یاده‌وه‌ریه‌كانیيه‌تی.
رژێمه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانی عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه به‌زه‌بر و زه‌نگ نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌ركه‌وت بكه‌ن ئامانجی دوژمنیش له هێرشی بۆ چیای هه‌ندرێن له ساڵی 1966 سه‌ركوتكردن و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو كه باڵه‌كایه‌تی كردبووه پایته‌ختی خۆی، به‌ڵام وێڕای نابه‌رابه‌ری له ژماره‌ی هێزو چه‌كدا, وره و باوه‌ڕ و ئاماده‌یی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ گیانبه‌خشین شكستی به گه‌وره‌ترین هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی رژێمی ئه‌وسای عێراق هێنا.
له‌شه‌وی 2 له‌سه‌ر 3ى مانگی 5ی ساڵی 1966 سوپای عێراق به‌هێزێكی زۆری زه‌مینی و ئاسمانی به‌ئامانجی دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول به رابه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، له رواندزه‌وه هێرشی كرده سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له چیای هه‌ندرێن دوای (10) رۆژ له به‌رگریكردنی پێشمه‌رگه به سه‌ركردایه‌تی راسته‌وخۆی ئیدریس بارزانی هێزه‌كانی عێراق تووشی گه‌وره‌ترین شكستی سه‌ربازی بوونه‌وه، ئه‌و شكسته‌ی دوژمن و داستانی پێشمه‌رگه, حكوومه‌تی عێراقی ناچار به‌گفتوگۆو دانوساندن كرد له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئه‌وسای شۆڕشی كورد.