نێچیرڤان بارزانی: عێراق بەبێ كورد سەركەوتوو نابێت

"ھیچ لایەنێك ناتوانێت بە تەنیا حكوومەت پێك بێنێت"

K24 - ھەولێر

دوای بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدانی لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لە ھەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكوومەتی نوێی عێراق بەبێ كورد سەركەوتوونابێت و ھیچ لایەنێك بە تەنیا ناتوانێت حكوومەت پێك بێنێت.

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، داواشی لە دەنگدەران كرد كە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن، چونكە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئایندەی كوردستان گرنگ و مێژووییە. ھیواشی خواست كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان و عێراق.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "پێكھێنانی حكوومەتی زۆرینەی عێراق لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێك نییە و بەبێ كوردیش حكوومەتی عێراق سەركەوتوو نابێت".

راشیگەیاند: "ھیوادارین دوای قۆناخی ھەڵبژاردن لە رێگەی دانووستان سەرجەم ئەو كێشانە لەنێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن".

لەبارەی سستی پرۆسەی دەنگدان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سیستمەكە نوێیە و پرۆسەكە بە ھێواشی بەڕێوە دەچێت، ھیوادارین كۆمسیۆن ھەموو ھەوڵێك بدات بۆ ئەوەی سەرجەم دەنگدەران بتوانن دەنگبدەن".

سەبارەت وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن كورد گوتی: "كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا كێشەی گەلی كوردستانە، كە بریتین لە ماددەی 140 و چۆنیەتی دابەشكردنی داھاتە، دەبێ لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەینەوە، ھەروەھا كورد ھەقی خۆمانە یەكێك لە پۆستە سیادییەكان لە عێراق وەربگرین، كە ئێمە پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆمان دەزانین، بەڵام گرنگ ئەوەیە وەك كورد بە یەكگرتووی بچینەوە بەغدا، ئەگەر بە پەرتەوازەوە بگەڕێینەوە بەغدا ناتوانین ھیچ بۆ گەلەكەمان بە دەست بێنین".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای ئەوەی كە دەستووری نوێی عێراق نووسرایەوە، ئێمە وامانزانی دەچینە قۆناخێكی دیكە و كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام وادەرنەچوو، ھیواخوازین ھەموو لایەك وانە لە رابردوو وەربگرن و ئەمجارە كێشەكان چارەسەربكرێن، ئێمەش بەو نیازە بەشداریمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە".

ھ.م