ئامێره‌كانی خوێندنه‌وه له چه‌ند بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان كێشه‌یان تێكه‌وتووه
ئامێری ئه‌لیكترۆنی گرفتی بۆ ده‌نگده‌ران درووستكردووه
K24 - هه‌ولێر:
كاتژمێر 7ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 12ی ئایار، بنكه‌كانی ده‌نگدان به رووی ده‌نگده‌ران له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرانه‌وه، به‌ڵام ئامێره‌كانی خوێندنه‌وه له هه‌ندێك بنكه كێشه‌یان تێكه‌وتووه و پرۆسه‌ی ده‌نگدانی خاوكردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، لە قوتابخانەی خۆشی گەڕەکی کرێکارانى شاری هه‌ولێر، ئامێره‌کانی دەنگدان لە كار کەوتوون و پرۆسه‌ی ده‌نگدان وەستاوە.
له قه‌زای شه‌قڵاوه‌ش، قوتابخانەی باسرمەی نوێ پرۆسه‌ی ده‌نگدان له وێستگه‌كانی 1، 4 و 7، ئامێره‌كانی خوێندنه‌وه كارناكه‌ن و تا ئێستا به رووی ده‌نگده‌راندا نه‌كراونه‌ته‌وه.
له هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌هۆی كارنه‌كردنی ئامێری خوێندنه‌وه، سێ بنكه به رووی ده‌نگده‌راندا نه‌كراونه‌ته‌وه، له قه‌زای سه‌یدسادقیش دوو بنكه به هه‌مان هۆكار پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌ستی پێنه‌كردووه.
ئه‌مڕۆ 12ی ئایار، هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ چواره‌مین خوولی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت له دوای 2003.
ا. م