پێشمەرگەیەك لە گوڵاڵە برینداركرا

ھێزەكانی عێراق رێگری لە دەنگدەرانی كورد دەكەن

K24 - گەرمیان

پێشمەرگەیەك كە ویستوویەتی بۆ دەنگدان لە كەلارەوە بچێتە گوڵاڵە (جەلەولا) لەلایەن ھێزە عێراقییەكان تەقەی لێدەكرێت و بریندار دەكرێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشمەرگەیەك لە كەلارەوە ویستوویەتی بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان بچێتە گوڵاڵە، بەڵام لەلایەن چەكدارانی ھێزەكانی عێراق لە ناوچەكە تەقەی لێدەكرێت و بریندار دەكرێت".

روونیشیكردەوە: "ھێزەكانی عێراق ویستویانە رێگری لەو پێشمەرگەیە بكەن و پێیان گوتووە نابێ بچیتە گوڵاڵە، ئەویش پێداگیری دەكات بۆ ئەوەی بچێت دەنگ بدات، لەوكاتە تەقەیان لێكردووە و گولـلەیەك بەر سكی كەوتووە و برینداربووە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە رۆژی دەنگدانی تایبەتیش لە سنووری خانەقین دوو كاندیدی كورد لەسەر لیستەكانی پارتی و یەكێتی برینداركران.

ھ.م