به‌وێنه.. چه‌كدارانی هادی عامری نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیان له كه‌ركووك گه‌مارۆدا
چه‌كدارانی لیستی فه‌تح هه‌ره‌شه له نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له كه‌ركووك ده‌كات و كۆمسیۆنیش داوا له ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كات به‌هانایانه‌وه بچن
K24- هه‌ولێر:
عه‌بدولباست ده‌روێش، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له شاری كه‌ركووك به سایتی "غه‌د پرێس"ـی راگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو نووسینگه‌كه‌یان گه‌مارۆداوه و هه‌ره‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ن.
ده‌روێش داواشی له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، هه‌رچی زووه به‌هانایانه‌وه بچن بۆئه‌وه‌ی دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه سایتی "به‌غداد ئه‌لیه‌وم" بڵاویكرده‌وه، ئه‌و چه‌كدارانه لایه‌نگرانی لیستی فه‌تحی سه‌ر به هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌دری حه‌شدی شه‌عبین.
ئه‌و سایته له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار گواستییه‌وه، "دوای داخستنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان له شاری كه‌ركووك، چه‌كدارانی لیستی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌در نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له شاری كه‌ركووك گه‌مارۆ داوه و، داوا له فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن ده‌كه‌ن، ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌لاوێر بكه‌ن، نه‌ك به سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه نه‌یویستووه ئاماژه به‌ناوی بكرێت رایگه‌یاند: "چه‌كدارانی فه‌تح هه‌ره‌شه له فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پابه‌ندی داواكارییه‌كانیان نه‌بن، ئه‌وا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی نه‌خوازراو ده‌بێت".
كاتژمێر 6ی ئێواره سندووقه‌كانی ده‌نگدان له سه‌رانسه‌ری عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه داخراون و پرۆسه‌كه به سیستمی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌چوو و، به‌گوێره‌ی ئه‌و سیستمه پێویسته هه‌لاوێركردنی ده‌نگه‌كانیش هه‌ر ئه‌لیكترۆنی بێت، بۆئه‌وه‌ی ساخته‌كاری له ئه‌نجامه‌كاندا نه‌كرێن.
H.B
