ميدياى گۆڕان: هێزێكى چه‌كدار به‌ چه‌كى قورس په‌لامارى گردى زه‌رگه‌ته‌يان دا

ته‌قه‌يان له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ و ئارامگه‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا و مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كرد

K24 – هه‌ولێر:

ميدياى گۆڕان، بڵاويكرده‌وه‌، ره‌وشى گردى زه‌رگه‌ته‌ ئارام بووه‌ته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌يه‌ك چه‌كدار هه‌ڵيان كوتايه‌ سه‌ر گردى زه‌رگه‌ته‌.   

ئه‌مشه‌و، ژماره‌يه‌ك چه‌كدار به‌ چه‌كى قورس ته‌قه‌يان له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ و ئارامگه‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا و مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كرد و له‌ به‌رامبه‌ريشدا بزووتنه‌وه‌كه‌ داواى له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى كرد، به‌رگرييان لێ بكه‌ن و رووبكه‌نه‌ گرده‌كه‌.

هاوكات ميدياى گۆڕان داواى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد پارێزگاريان لێ بكرێت.

ميدياى گۆڕان رژانى هه‌ر خوێنێكى خسته‌ ئه‌ستۆى لاهور جه‌نگى برازاى جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى كۆچكردووى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا داوا دەكات هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكيی گۆڕان له‌ سلێمانى ڕابگیرێت.

ئەمە دەقی پەیامەكەیە:

زۆر دڵتەنگین بەرامبەر تێكدانی ئاراميی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە داوا دەكەین دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان لە سلێمانی ڕابگیرێت و هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارێتيی خۆیان ئەنجام بدەن و بارەگا و بنكەی هەموو لایەنەكان بپارێزن.

هەموو لایەنەكان پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن و لە ڕێگەی یاسایييه‌وه‌ سكاڵاكانیان بگەیه‌ننە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر هەر گومانێك كە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیانە و بە هەموو شێوەیەك ڕەچاوی هێمنی و ئاسایشی كۆمەڵایەتيی خەڵكی سلێمانی بكەن.