لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە سلێمانی گۆڕان دوو بژاردەی ھەیە
"لەلایەن ھێزێكی یەكێتی ھێرشمان كرایەسەر"
K24 - سلێمانی
لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی سلێمانی كە گۆڕان و لایەنەكانی دیكە رایانگەیاندووە، یەكێتی ساختەكاری لە دەنگەكان كردووە، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، جگە لە ھەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست و دووبارەكردنەوەی پڕۆسەكە ھەر بڕیارێكی دیكە بۆ گۆڕان خۆكوشتنە.
ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو، هێزێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر گردی زەرگەتە و تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە، لەبەرامبەریشدا پاسەوانەکان وەڵامی تەقەکەی ئەو هێزەیان داوەتەوە".
گوتیشی: "ئەو هێزەی هەڵیکوتاوەتە سەر گردی زەرگەتە، هێزی یەکێتی بووە، ئەگەر هی ئەوانیش نەبێت، ئەوا بێگومان ئەوان زانیارییان لەبارەی ئەو هێزەوە هەیە".
ھەروەھا ساڵح ژاژڵەیی، راشیگەیاند: "ئەنجامی هەڵبژاردن جێگەی قبووڵکردن نییە و سکاڵامان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووەو چاوەڕوانی وەڵامی کۆمسیۆن دەکەین، بۆ ئەوەی وەڵامی سکاڵاکەمان بداتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا: "یان دەبێت دەنگەکان بەشێوەی دەستی هەژمار بکرێن، یاخود پرۆسەکە دووبارە بکرێتەوە، جگە لەو دوو بڕیارە ھەر بڕیارێكی دیكە بۆ ئێمە خۆكوشتنە".