پارێزگاری سلێمانی داوایەكی بەپەلە ئاراستەی كۆمسیۆن دەكات
"ئەنجامە بەراییەكان گومان و ناڕاستیی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروستكردووە"
K24 - سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی داوا لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، ھەرچی زووە بابەتی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە سلێمانی یەكلایی بكاتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردن گومان و ناڕاستیی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروستكردووە و بووەتە مایەی تێكدانی ئارامی و ئاسایشی سلێمانی.
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە بانگەواێكی بەپەلەدا بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت: "ئەنجامە بەراییە رانەگەیەنراوەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانیدا، گومان و ناڕاستیی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروستكردووە و لەبری ئەوەی ھەڵبژاردنەكان ئارامیی وئاسایش بێننە كایەوە، بوونەتە مایەی تێكدانی ئاسایش وئارامیی خەڵك و قەوارە سیاسییەكان لە پارێزگاكەماندا".
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاندووە: "ھەموو نیگەرانیی و ناڕەزایی و زانیارییەكانمان گەیاندووەتە سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق و بەڵێنی چارەسەركردنی یاساییانەی ئەم پرۆسەیەیان داوە، داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین، بەخێرایی ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە و گومانەكان بڕەوێنێتەوە".
ھ.م