حزبی شیوعی: لە سلێمانی و ھەڵەبجە یاری بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك كراوە
"دەنگی كاندیدەكانیش دیارنییە"
K24 - سلێمانی
لەبارەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە سلێمانی، حزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە یاری بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك كراوە.
لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی گومانیان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە سلێمانی و ھەڵەبجە حزبی شیوعی كوردستان لە بازنەی سلێمانی رایگەیاند: "ھەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە دەرئەنجامەكانی ئەلیكترۆنی لە ناوەندەكانی دەنگدان بە ئاراستەیەكی نادروستدا تێپەڕی و لە سەرجەم سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، ساختەكاری ئەنجامدراوە و یاری بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك كراوە".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ھاتووە: "ئەو خەڵكە سەرباری خراپی ئابووری و نەبوونی و بێكاری و بێ مووچەیی چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان لە پێناو ئەوەی گەلەكەمان بەھێزەوە نوێنەرایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەبێت، بەڵام بەداخەوە دەستكاری دەرئەنجامەكان كراوە و ھیچ حیسابێك بۆ ئیرادەی خەڵك نەكراوە، بەسەدان حاڵەت لەبەردەستدایە كە دەنگی تاك بە تاكی سەركردایەتی و پاڵێوراوەكان و كادیر لە بنكەكان دەنگیانداوە، بەڵام دەنگیان لەنێو سندووقەكان نییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە، كە ئاڵوگۆڕی دەنگەكان كراوە".
ھ.م
