شه‌ش لايه‌نى كورديى داواى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

ناڕه‌زاييان دژى ئه‌نجامى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ربڕى

K24 – هه‌ولێر:

له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كگرتووى ئيسلامى كوردستان، شه‌ش لايه‌نى سياسى كۆبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زاييان دژى ئه‌نجامى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ربڕى و داوايان كرد پرۆسه‌كه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئه‌و لايه‌نانه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌يان به‌ياننامه‌يه‌كيان بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

راگەیانراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی 6 لایەنی سیاسی كوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە 14/5/2018 (6) لایەنی سیاسی كوردستانی لەسەر ئاستی كەسی یەكەم لە بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجام دا بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و هەڵوێست وەرگرتن لە بارەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە ( 12/5 ) دا ئەنجام درا.

بە داخەوە پرۆسەی دەنگدانی ئەلیكترۆنیەكە رووبەڕووی دەستێوەردان و ساختەكاریەكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی پێش وەختە بووه‌تەوە، دوای تاوتوێكردنی پرۆسەكە كۆبوونەوە گەیشتە ئەم چەند بڕیارەی خوارەوە :

  1. رەتكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكان و كۆی پرۆسەكە بە هۆی زەوتكردنی ئیرادەی جەماوەری كوردستان و دزینی دەنگەكانیان.
  2. داوای دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵبژاردنە دەكەینەوە لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی بەزووترین كات.
  3. ئامانجی راستەقینەی لایەنەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بریتی یە لە بەرگریكردن و گەڕانەوەی ئيستحقاقی راستەقینەی دەنگدەرانی گەلەكەمان.
  4. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە هەموو رێكارە سیاسی و یاسایی و مەدەنیيەكان دەگرینە بەر دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژیەك.
  5. پێكهێنانی ليژنەیەكی هاوبەش لە هەماهەنگی نێوان ئەم (6) لایەنە بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی دەنگە دزراوەكانی جەماوەر و دەرگاش كراوەیە لەبەردەم هەر لایەنێكی تری سیاسی كە ئامادەبێت بەرگری لە مافی دەنگدەرانی گەلەكەمان بكات.
  6. داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین بە خێرایی بەدەم داوا كاریەكانمانەوە بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان

حزبی شیوعی كوردستان