حەملان: دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت
وەزارەتی دارایی چاوەڕێی پڕۆژەی چاكسازییە
وه‌زیری دارایی و ئابووری ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە پەسندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی دەستكاری پاشەكەوتی مووچە دەكرێت.
رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابووری رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پرۆژه یاساى چاكسازى، كه ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیرۆچوو و ده‌ستكاریكردن له سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه كه له به‌رژه‌وه‌ندى مووچه‌خۆران ده‌بێت.
له ھەڤپەیڤینێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فەرمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێباز حەملان، دەڵێت: "ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان به‌پێى یاساى ژماره 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له 15 ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له 50 ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه یاساییه په‌سند و كارى پێبكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له مووچه‌یه‌كیان هه‌یه كه به پێی یاسا رێكنه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت".
رێباز حەملان، دەشڵێت: "له ناو پڕۆژه یاساى چاكسازى باس له مووچه، ده‌رماڵه، به‌خشین وئیمتیازاته‌كانى دیكه كراوه. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ئیلتزاماته ماددییه‌ى هه‌یه بۆى ده‌خرێته سه‌ر ئه‌ژماره بانكییه‌كه كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیى نێوان حكوومه‌ت و مووچه‌خۆران".
له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه كه‌وتوون، وەزیری دارایی ئاماژە بەوە دەكات: "پاڵپشت به بڕیارى ئەنجوومه‌نى وه‌زیران ژماره 56 له 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه (1/أ) له مادده‌ى (19) له یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره (24) ساڵى 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه كه هیچ پله به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله وه‌زیفییه گشتیه‌كان له هه‌رێم تا په‌سندكردنى بوودجه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له هه‌ر كاتێك كه حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌بوو، پله به‌رزكردنه‌وه ئاسایى ده‌بێته‌وه و له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌شی ئه‌وكات له چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌رده‌درێت".
راشیگەیاند: "له 70% بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن".
رێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو: "پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى ده‌خرێته سه‌ر بودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه".
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان روونیكردەوە: "داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره، كه كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و ده‌روازه سنوورییه‌كانی داخراو كاریگه‌رى زۆرى له سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه. داهاتی نه‌وت مانگانه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات و مانگانه 378 ملیار دینار دێته وه‌زارەتی داراییه‌وه".
وه‌زیری دارایی ھێما بۆ ئەوە دەكات: "له 35% داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه و له 65% بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت. لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ و نەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پارەیه‌ی مانگانە له حكوومەتی فیدراڵی بۆ هه‌رێم دێت، نزیكەی له 83% بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت. ھەروەھا له 5% بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان وله 8% بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له 4% بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت".
ھەر لەو ھەڤپەیڤینەدا حەملان لەبارەی شەفافیەوە دەدوێت و رایدەگەیەنێت: "له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌و وردبینى به سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له هێنانه‌وه وسه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه و وردبینى له داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 و ساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له وه‌زاره‌تى دارایى وئابوورییه. كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه به خه‌رجى وداهاته نانه‌وتییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به مه‌رجێك كه كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار وچینى خواره‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه سیسته‌مێكى داتابه‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه".
دەربارەی داھاتی گومرگەكان دەڵێ: "گومرگەكان به ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین وهه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره بەفیڕودانێك له وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ودیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن و تا ئێستا به پشتیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه".
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشداوە: "له هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكان به‌پێی یاسای ژماره 20ی ساڵی 2011 هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه، به جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له كه‌رتی حكوومی یان تایبه‌ت كاربكات و مووچه‌كه‌ی له ملیۆنێك دینار زیاتر بێت، پێویسته به رێژه‌ی له 5% باج بدات، به‌ڵام تائێستا كارى پێنه‌كراوه و رێژه‌كه‌ی له حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به جۆرێك له حكوومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه بێت، ئه‌وا له 5% باج ده‌خرێته سه‌ر مووچه‌كه‌ی. سه‌باره‌ت به باجی كۆمپانیاكانیش، له 15% قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای 113 ساڵی 1982 هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت".
وەزیری دارایی دەشڵێت: "88 بانكی گشتی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی وده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین. له وڵاتانی پێشکەوتوودا له 80% مامه‌ڵه به سیستمی بانكییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان لە 100% به پاره‌ى كاش مامه‌ڵه ده‌كرێت و به هۆیه‌وه به به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه و خۆ دزینه‌وه له باج دروست ده‌بێت. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به كارت بێت ئه‌وا حكوومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده و ده‌توانێت سیستمى باج رێك بخات و كۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه له رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه بێت".
حەملان، پێیوایە: "بەرھۆی سیستمی بایۆمەتری، به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه شاراوانه‌ى هه‌بوون ئاشكرا كراون. بۆنموونه دوو مووچه‌یى یان ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه، حكوومه‌تى هه‌رێم به بوونی سیستمی بایۆمه‌ترییه‌وه، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر وخانه‌نشینان هه‌یه، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتوه وكارى پێده‌كرێت".
ئاشكراشی دەكات: "له ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له به‌غداوه بۆ هه‌رێم هاتووه. كاتێك بودجه زۆر بووه و به‌شى مووچه وخه‌رجى و پڕۆژه‌كان كردووه ودراوه به‌و پێشینانه‌ش. هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێهاته‌وه، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه".
سەبارەت بە سندووقی خانه‌نشینی، وەزیری دارایی ھەرێم دەڵێ: "سندوقى خانه‌نیشنى له پڕۆژه یاساى چاكسازى به وردى باسكراوه پێویسته له 100% جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه و به‌غدا له نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه، له به‌غدا هه‌یه وله هه‌رێم نییه. ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌غدا به به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره، چونكه ئه‌گه‌ر سندووقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له پاره‌ى سندووقه‌كه ده‌درێت".
دەربارەی ده‌روازه سنوورییه‌كانیش ئەوە دەخاتەڕوو: "رێككه‌وتن كراوه كه میلاكات سه‌ر به به‌غدا بن به هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له ده‌روازه سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان، پێناسه و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاڵه‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن".
ھ.م