نەوتی کەرکووک ده‌‌بێته‌ موڵکی ئێران

ئێران به‌رهه‌می 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌چنێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

رۆژی یەکشەممە 3/6/2018 وەزارەتی نەوتی ئێران لە رێگای ئاژانسی هەواڵی تایبەتی خۆی، شانا، بڵاویکردەوە کە عێراق  و ئێران لەسەر ئاڵووگۆڕی نەوتی خاو رێکەوتن، ئەم رێکەوتنەش نەوتی کەرکووک دەکاتە موڵکی ئێران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی ستار: "نەوتەکەی کەرکوک بە تەنکەر دەچێتە شاری کرماشان لە ئێران و پاشان دەپاڵێورێت. هەمان نەوت جارێکی دیکە بە عێراق دەفرۆشرێتەوە لە لایەن ئێرانەوە".

دەیلی ستار نووسیویەتی:" ئەگەر چی رێکەوتنەكه‌ لە نێوان وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و ئێران کراوە، بەڵام پێگەی سوپای پاسداران لەبەرچاو گیراوە" و بڕیاریشە کە "بۆری نەوت" لە نێوان عێراق و ئێران بۆ نەوتی کەرکوک دروست بکرێت تاکو چیدی تەنکەرەکان بەکارنه‌هێنرێن".

ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشی کردووە: "بەهۆی ئەوەی نەوتی کەرکوک لە ژێردەستی کوردەکان بووە و عێراق دەستی بەسەردا گرتووە، بەو هۆیەوە رادەستی ئێران کراوە، ئەمەش سعوودی و ئەمریکیەکان نیگەران دەکات."

ئاژانسەکەی وەزارەتی نەوتی ئێران ئاشکراشی کردووە: "رۆژانە 30 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە دەگاتە ئێران".

بەدەستهێنانی نەوتی کەرکوک لە لایەن ئێرانەوە، پێچەوانەی خواستی ئەمریکا، هەژموونی ئێران لە عێراق هاوشێوەی سووریا و یەمەن و لوبنان زیاتر دەکات".

دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و راده‌ستكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، حكومه‌تی عێراق تاكلایه‌نه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وتی كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌كات و وه‌ك پاداشتێك بۆ رۆڵی ئێران له‌ پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌، كێڵگه‌كانی به‌ڕووی تانكه‌ره‌ ئێرانییه‌كاندا واڵاكردووه‌.