هه‌سه‌ده‌ خۆی بۆ دیداری ئه‌سه‌د ئاماده‌ ده‌كات

ده‌یانه‌وێت بزانن ئه‌سه‌د ناوچەیەکی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی بۆ کوردەکان لە باکووری رۆژهەڵات قبووڵە یاخود نا

K24 - هه‌ولێر:

هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) کە یەپەگە سه‌رپه‌رشتی دەکات، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەبارەی ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر کۆنترۆلی هەسەدەن نیشانداوه‌.

بەگوێرەی هەواڵێکی پرێس تی ڤی ئێرانی، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی ئاشکرای کردووە: " کاتەکە گونجاوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا".

ئیلهام ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ: "ئێمە بە دوای روانگەیەک دەگەڕێن کۆتایی بەجەنگ بهێنێت. ئێمە دەمانەوێت پرۆژەی خۆمان (مافی خۆبەڕێوەبەری) دەستەبەر بکەین و ئەمه‌ریکیەکانیش ئەوەیان دەوێت".

لە لایەکی ترەوە، ئاڵدار خەلیل، هاوسەرۆکی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لە هاوپەیمانی پارتە کوردیەکانی سووریا پێکهاتووە، لەبارەی گفتووگۆی هەسەدە و حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد گووتی: " ئێمە دەمانەوێت بزانین ئایا سووریا ناوچەیەکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی بۆ کوردەکان لە باکووری رۆژهەڵات قبووڵە یاخود نا".

ئەم هەوڵەی هەسەدە لە دوای ئەوە دێت، پێشتر بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، رایگەیاندبوو، ئەگەر کوردەکان ناوچەکانیان بە ئاشتی چۆڵ نەکەن ئەوا هێرشدەکاتە سەریان.