سه‌در و عه‌لاوى و حه‌كيم گه‌وره‌ترين كوتله‌ى پهرلهمانييان پێكهێنا
رێككه‌وتن گه‌وره‌ترين كوتله له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێكبهێنن
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ريه‌ك له ليستى (سائيرون) به سه‌رۆكايه‌تى (موقته‌دا سه‌در)، ره‌وتى (حيكمه) به سه‌رۆكايه‌تى (عه‌ممار حه‌كيم)، ليستى (نيشتيمانى) به سه‌رۆكايه‌تى (ئه‌ياد عه‌لاوى) رێككه‌وتن گه‌وره‌ترين كوتله له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێكبهێنن.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كان ئه‌و سێ ليسته توانيويانه له كۆى (329) كورسى (95) كورسى مسۆگه‌ر بكه‌ن.
له‌و باره‌يه‌وه، دادوه‌ر، (جه‌عفه‌ر موسه‌وى)، گوته‌بێژى سياسيى به ناوى رابه‌رى ره‌وتى سه‌در، (موقته‌دا سه‌در) رايگه‌ياند، "به ده‌ركردنى بڕيارى كۆتايى دادگاى ئيتيحادى هه‌موو بۆچوونه‌كان يهكدهخرێن".
گوتيشى: "فه‌رمانى كارگێڕى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و بڕياره دادوه‌رييه‌كانى دادگاى ئيتيحادى دوو شتى له‌يه‌ك جياوازن. بڕيارى دادگا بۆ هه‌مووان پابه‌ندكار ده‌بێت".
ليستى سائيرون (54) كورسى، هاوپه‌يمانى نيشتيمانى (21) كورسى، ره‌وتى حيكمه (20) كورسيان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران به‌ده‌ستهێناوه.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت دواى ئه‌وه‌ى دادگاى باڵاى ئيتيحادى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌سند كرد، رێككه‌وتنى ئه‌و سێ لايه‌نه په‌سند بكرێت و ده‌ست به هه‌وڵه‌كانيان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت بكه‌ن.
رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ناچار كرد، ده‌نگدانى هاووڵاتيان له سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عێراق به ده‌ست هه‌ژمار بكاته‌وه.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ڕ

