میلیشیاكانی ئێران له‌ به‌رگی سه‌ربازانی سووریادا خۆیان ده‌شارنه‌وه‌

ده‌ترسن ئیسرائیل بیانكاته‌ ئامانج

K24 - هه‌ولێر:

میلیشیا ئێرانییەکان لە سنووری سووریا و ئیسرائیل جلووبەرگی سەربازانی سوپای سووریا دەپۆشن تاکو لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە نەکرێنە ئامانج.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: "سوپای سووریا چەکدارانی حزبوڵا و میلیشیا ئێرانییەکان وەک جەنگاوەری خۆی نیشاندەدات تاکو بیانپارێزێت لە هێرشەکانی ئیسرائیل".

ئەحمەد عه‌زام، فەرماندە له‌ سوپای "الخلاص" كه‌ گرووپێكی یاخیبووی‌ قنه‌یته‌ره‌ی سووریان، لەو بارەیەوە گووتی: "میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران بە جلوبه‌رگی سوپای سووریاوە، دەچنە ناو ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانی سوپا و ناسنامەی چەکدارانی کوژراوی سووریایان دراوەتێ".

ئەم هەوڵەی ئێران لە کاتێکدایە، پێشتر هەردوو وڵاتانی ئیسرائیل و رووسیا لەسەر ئەوە رێكکەوتن دەبێت تەنها سوپای سووریا لە سنوورەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بوونی هەبێت، بەڵام ئێران رەتی کردەوە سوپاکەی لە سنوورەکانی سووریا بکشێنێتەوە.