شەڕڤانان دوو گوندی دیكەیان رزگاركرد

ھێزەكانی ھەسەدە لە پێشڕەویدان

K24 - ھەولێر

شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك (ھەسەدە) دوو گوندی دیكەیان لە سنووری شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرد.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ھەواڵی ھاواری نزیك لە ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك "دوای دروست بوونی شەڕ و پێكدادانێكی سەخت شەڕڤانانی ھەسەدە توانیویانە گوندەكانی شەمس و ئەلحلوە لە رۆژھەڵاتی شاری شەداد كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و چەكدارانی داعشیش بەرەو شارۆچكەی دوشێشە پاشەكشەیان كردووە".

 ھەر بە گوێرەی زانیارییەكان ئەو ئاژانسە "دوای رزگاركردنەوەی گوندەكان لەلایەن شەڕڤانانی ھەسەدە ئێستا تیمە ھەندەسییەكانیان خەریكی پاككردنەوە گوندەكانن لە مین و تەقەمەنی كە چەكدارانی داعش لە دوای خۆیان جێیان ھێشتووە".

دوای ئەوەی بەھۆی ھێرشی توركیا بۆ داگیركردنی عەفرین، ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك ھێرشەكانیان بۆ لەناوبردنی داعش وەستان. دواتر بەھاوكاری ھێزەكانی ھاوپەیمانان، شەڕڤانان ئۆپەراسیۆنێكیان بەناوی "باھۆزی جزیرە" بۆ رزگاركردنی گەوندەكانی رۆژھەڵاتی رووباری فوڕات و گوندەكانی باشووری حەسەكە دەستپێكرد، بە گوتەی فەرماندە ھەسەدە، لە پێشڕەویدان بۆ رزگاركردنی تەواوی ناوچەكە لە دەستی داعش.

ھ.م