به‌تۆمه‌تی سووتاندنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان 4 كه‌س له‌به‌غدا ده‌ستگیركران
سێ لهدهستگیركراوان پۆلیسن و یه‌كێكی دیكه‌ش فه‌رمانبه‌ری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانه
K24- هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له عێراق ده‌ستگیركردنی 4 كه‌سی راگه‌یاند، كه گومان ده‌كرێت ده‌ستیان له سووتاندنی ئه‌و كۆگایانهی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له ناوچه‌ی روسافه‌ی شاری به‌غدا هه‌بێت، كه سندووقه‌كانی ده‌نگدانی له‌ناودا هه‌ڵگیرابوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار، وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری ئاشكرایكرد، "به تۆمه‌تی سووتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له به‌غدا، دادگای روسافه بڕیاری ده‌ستگیركردنی 4 تۆمه‌تباری ده‌ركردووه"، كه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكردووه، "3 له تۆمه‌تباره‌كان پۆلیسن و یه‌كێكی دیكه‌ش فه‌رمانبه‌ری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، "هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری هۆشداری ده‌داته ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ ده‌ستكاری به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ده‌ست بۆ ئه‌و دۆسیه ببات، به‌توندترین شێوه سزا ده‌درێت".
به‌یره‌قدار له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه، ئاخۆ له‌ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌میان ئه‌و 4 كه‌سه ده‌ستگیركراون یانیش تۆمه‌تباره ده‌ستگیركراوه‌كان له‌سه‌ر راسپارده‌ی لایه‌نێكی سیاسی و به پلانێكی پێشوه‌خته ده‌ستیان له‌و رووداوه‌دا هه‌بووه.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه، كۆگاكانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له ناوچه‌ی روسافه‌ی شاری به‌غدا گڕیانگرت، كه سندووقه‌كانی ده‌نگدانی له‌ناودا هه‌ڵگیرابوون و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و سندووقانه به ته‌واوی ده‌نگ و به‌ڵگه‌كانه‌وه سووتان و، ده‌گوترێت رووداوه‌كه به‌ڕێكه‌وت نه‌بووه، به‌ڵكو ده‌ستێك له‌پشت سووتاندنیهوه هه‌بووه.
H.B