ئەردۆغانیش ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەرھەم دەھێنێ
لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی عێراقیش ھەمان بانگەشە كراوە
K24 - ھەولێر
لە چوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری ئێستا و كاندیدی پارتی ئاكەپە بۆ خولی داھاتووی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند: "ئێمە ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەرھەم دەھێنین".
ئەردۆغان لە شاری بورسای، وەڵامی گوتەكانی موحەرەم ئینجە، كاندیدی جەھەپە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەداتەوە و باسی بەرھەم ھێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكات و دەڵێ: "ئێمە ئێستا باس لە ئۆتۆمبێلی خۆماڵی دەکەین، ھاوکات جەھەپە ناڕەزایەتی ھەیە لەسەر ئەم پرسە. دەڵێن "ئەردۆغان 20 ساڵ لە دواوەیە"، بەرێز موحەرەم، تۆش شاگردی. ئاگاداری ئەوە نیت کە ئێمە چ جۆرە ئۆتۆمبێڵێك بەرھەم دەھێنین. ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرھەم دەھێنین".
پێشتر لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12 ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لایانێكی بەشداربووی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەھێننە كوردستان. ئەمەش لە ناو خەڵكی كوردستان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی بە دوای خۆیدا ھێنا و بەشێك لە دانیشتووانی كوردستان بە توانجەوە ئەو گوتانەیان دووبارە دەكردەوە.
ھ.م