وێنەى ئه‌و دوو قەوانه‌ ببینه‌ كه‌ به‌ر له‌ 41 ساڵ ره‌وانه‌ی گه‌ردوون كراون

ئه‌و دوو قەوان‌ه‌ی لە ساڵی 1977 بۆ زیندەوەرانی گه‌ردوونی نێردراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ساره‌ی زه‌وی

K24- هه‌ولێر:

لە ساڵی 1977 دوو قەوان بەناوی" ڤۆیەجەر گۆڵدن ریکۆرد'' لە رێگای دوو کەشتی ئاسمانی رەوانەی بۆشای ئاسمان کران و تیایاندا کەلتوور و ژیانی زەوی تۆمار کراوە.

قەوانەکان چەندین تۆماری دەنگی جیاوازی مرۆڤ بە 55 زمانی جیاواز و دەنگی چەندین ئاژەڵ و سرووشتی زەوی لە خۆ دەگرێت. هەر لەو دوو قەوانە 115 وێنەی مرۆڤ و زەوی و مۆسیقاکانی گەورە میوزیسیان بێتهۆڤن و باخ  و چەند میوزیكژه‌نێكی دیکە بوونیان هەیە.

بەگوێرەی زانیاریە پێشکەشکراوەکانی پێگەی ئەلیکترۆنی ناسا، قەوانەکان لە ئاڵتوون دروست کراون و قەبارەی هەر یەکەیان 30.25 سانتیمەر دەبێت.

جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و کورت واڵدهێیم، سکرتێری گشتی پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامی خۆیان لەناو قەوانەکان هاوپێچکردووە و  تیایدا دەڵێن کە ئەمە دیارییە لە زەوییەوە بۆ ئەوەی ئەو قەوانانە دەدۆزێتەوە.

لە ساڵی 2012، ڤۆیەجەر 1، 17.9 ملیار کیلۆمەتر لە خۆرەوە دوور بووە و ساڵانە 3.7 یەکەی بۆشای ئاسمان دەبڕێت( 1 یەکەی بۆشای ئاسمان یەکسانە بە 149.597.870.700 مەتر) و ڤۆیجەر 2، 14.7 ملیار کیلۆمەتر لە زەویەوە دوورە و ساڵانە 3.3 یەکەی بۆشای ئاسمان دەبڕێت.

مەبەست لە ناردنی ئەو دوو قەوانە ناساندنی زەوی بوو بە کەسانێک کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەژین و ئاشنا نین بە سرووشت و زیندەروانی ئێمە و تاکو ئێستاش بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەو دوو کەشتییە لە گەشتەکەیان بەردەوامن.

H.J

كۆمه‌ڵێك وێنه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قه‌وانانه‌ تۆمار كراون كه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ساره‌ی زه‌وی كراون