لە کۆبوونەوەی جی 7 ترەمپ گاڵتە بە ماکرۆن و ئابێ ده‌كات

رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی: هەستی تووڕەی و بێزاری بەرامبەر بە ترەمپ هەبووە بەڵام سەرۆکەکان دانیان بەخۆیاندا گرتووە

K24- هه‌ولێر:

لە رۆژانی 8-9 ی حوزەیران، کۆبوونەوەی جی 7 لە نێوان سەرۆکانی ئەوروپا  وئەمەریکا و کەنەدا و یابان لە کەنەدا بەڕێوەچوو بەڵام زانیارییەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی زۆری لەو دۆستانەی کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی: "هەستی تووڕەی و بێزاری بەرامبەر بە ترەمپ هەبووە بەڵام سەرۆکەکان دانیان بەخۆیاندا گرتووە و ئاقڵانە مامەڵەیان کردووە".

بە گوێرەی راپۆرتەکە، ترەمپ و شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی یابان، دەمەقاڵێیان لەسەر پرسی پەنابەرانی مەکسیک لە ئەمریکا کردووە و ترەمپیش پێی گوتووە: " شێنزۆ، تۆ خۆت ئەو کێشەیەت نییە، بەڵام دەتوانم 25 ملیۆن پەنابەری مەکسیکیت بۆ بنێرم بۆئه‌وه‌ی زوو پۆستەکەت لە دەست بدەیت".

ترەمپ لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی پرسی تیرۆر و ئێران ناکۆکی هەبووە و بەویشی گووتوە: "تۆ دەبێت به‌باشی ئەوە بزانی کە هەموو تیرۆرستەکان لە پاریس دەژین".

پێشتریش ترەمپ لەسەر چەند رەخنەیەکی جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە بارەی یاسای باجی نوێی واشنتن هاتە دەنگ و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی: " ترۆدۆ چەقۆی لە پشتەوە لە ئێمە داوە".

بەهۆی کشانەوەی تره‌مپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و زیادکردنی باج لەسەر چەند كاڵایه‌ك، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئەوروپا و کەندا رووی لە خراپی کردووە و ئەو لێدوانانەشی کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە.

H.J