ئەمەریکا 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئێزدی و مەسیحییەکان دەنێرێت
واشنتن ئاوڕ لە مەسیحی و ئێزدییەكان دەداتەوە
K24 - ھەولێر
دوای زیادبوونی فشارەکانی مایك پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بۆسەر حکوومەتی ئەمەریکا، واشنتن، بەنیازە 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئێزدی و مەسیحییەکانی عێراق بنێرێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گۆڵف نیوز، مارك گرین، سەرۆکی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵهتی (یوئێس ئەید)، بڕیاریداوە بڕی 10 ملیۆن دۆلار ببەخشێتە دوو گرووپی چەتر (ئەمبرێلا)ی خێرخوازی کە یەکێکیان تایبەتە بە خزمەتکردنی کاسۆلیکەکانی جیهان.
بەگوێرەی پلانەکان، دوای بەخشینی ئەو 10 ملیۆن دۆلارە، ئەو دەزگا ئەمەریكییە، بڕی 25 ملیۆن دۆلار وەك یارمەتی دەبەخشێتە ئێزدی و مەسیحییەکانی عێراق.
ئەم هاوکاریانەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ژمارەی مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2003 بۆ 2018، لە یەک ملیۆن و 500 هەزارەوە بۆ 200 هەزار کەس کەمیکردووە، ئەمەش لە لایەن ئەمەریکا وەك هەڕەشەی لەناوچوونی مەسیحییەکان لە عێراق تەماشا دەکرێت.
لە ھێرشی داعش بۆسەر عێراق لە ساڵی 2014، چەكدارانی داعش كوشتار و تاڵانكاریان لە ناوچەكانی ئێزدی و مەسیحییەكان ئەنجامدا، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆریان كوژران، بەشێكی زۆریشیان ئاوارە بوون.
ھ.ج