ئەمەریکا لەبەر ئیسرائیل رێکخراوێکی گرنگی نێودەوڵەتی جێهێشت

"ناکرێت تەنها ئیسرائیل ئیدانە بکرێت و ئەوانی دیکە تەماشا بکرێن"

K24 - هه‌ولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاریدا لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بکشێتەوە، ئیسرائیلیش سوپاسی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و نیکی هالێی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە واشنتن، کشانەوەی وڵاتەکەیان لەو ئەنجوومەنەی مافەکانی مرۆڤ راگەیاند.

نیکی هۆکاری کشانەوەی واشنتنی لەو ئەنجوومەنە بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئەمەریکا نایەوێت لە رێکخراوێک بمێنێتەوە کە دووڕووە، خزمەت بەخۆی دەکات و گاڵتەش بە مافەکانی مرۆڤ دەکات".

باڵیۆزەکەی ئەمەریکا گووتیشی: "ماوەیەکی زۆرە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ ئەو کەسانە دەپارێزێت دژ بە مافی مرۆڤ کاردەکەن، رژێمە نا مرۆڤەکانی جیهان بەردەوام لە لێپێچینەوە هەڵدێن".

لای خۆیه‌وه‌ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لەو بارەیەوە گووتی: "لەوەتەی ئەو ئەنجوومەنە دروست بووە، زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان، ئیدانەی ئیسرائیلی کردووە".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سوپاسی باڵیۆزەکەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ئەنجوومەنەکەشی بە" دووڕوو و درۆزن" ناوبرد.

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە بارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنه‌کەیان نووسیویەتی: "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بێهیواییه‌ و مایەی سەرسوڕمانە... ئەمەریکا دەبێت کارەکانی زیاد بکات لە ئەنجوومەنەکە نەک دووربکەوێتەوە".

هـ. ج