ئێران: جه‌نگی ئێمه له‌گه‌ڵ دوژمنان له‌ناو عێراق و سووریا و لوبنان ده‌بێت
تاران: جه‌نگمان له ئێران دوور خستۆته‌وه و عێراق و سووریا و لوبنان سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی ئێمه و دوژمنانن
K24- هه‌ولێر:
ژه‌نه‌راڵ حوسێن سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتیكرده‌وه، عێراق، سووریا و لوبنان سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی نێوان ئێمه و دوژمنانی ئێمه‌یه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، سه‌لامی له لێدوانێكدا به‌بۆنه‌ی رۆژی به‌سیجی نیشتیمانی، له زانكۆی فیرده‌وسیی شاری مه‌شهه‌د جه‌ختی كرده‌وه، "وڵاته‌كه‌ی توانیویه‌تی مه‌یدانه‌كانی جه‌نگی نێوان خۆی دوژمنه‌كانی بگوازێته‌وه شوێنێكی دوور له خاكی ئێران"، گوتیشی، "عێراق، سووریا و لوبنان هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی ئێرانه له‌گه‌ڵ نه‌یارانی".
ئه‌و فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "پێشتر ئێران هێزێكی رێكخراوی نه‌بوو، به‌ڵام هونه‌ری شۆڕش له هێزه‌كه‌یدایه كاتێك له مه‌یدانێكی فراوانی جه‌نگ رووبه‌ڕووی دوژمن ده‌بینه‌وه، ئێستاش تا سه‌رده‌م پێشده‌كه‌وێت شۆڕشه‌كه‌شمان گه‌وره‌تر ده‌بێت و هێڵه‌كانی ته‌ماسیشمان له‌گه‌ڵ نه‌یاران فراوانتر ده‌بن"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ فراوانبوونی هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه، كه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن و لوبنان به ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی داده‌نێت.
سه‌باره‌ت به حیزبوڵڵای لوبنانیش، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران گوتی، "ئه‌و حیزبه ده‌توانێت باڵانسی هێز له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست بگۆڕێت و ببێت به ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی و كارا كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا بێت، به‌مه‌ش بازنه‌ی هیواو و خواسته‌كانی ئیسرائیل زیاتر به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه".
سه‌لامی دووپاتیكرده‌وه، "ئیسرائیل كاتێك د‌رك به‌و هێزه راسته‌قینه ده‌كات، كه له نزیك سنووره‌كانی گوێبیستی زمان و دیالیكتی جیاوازی وه‌ك پاكستانی، ئه‌فغانی، هیندی، یه‌مه‌نی و ئێرانی ده‌بێت و ئه‌وكات هه‌مووشتێكی بۆ ئاشكرا ده‌بێت"، كه به "به‌هێزی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناویبرد" و جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئه‌وكات ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاش ناتوانن خۆیان به‌رامبه‌ر فراوانبوونی ئه‌و هێزه راگرن".
به به‌رده‌وامی ئێران و ئیسرائیل هه‌ره‌شه له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن و، له‌لایه‌ك تاران هه‌میشه هه‌ره‌شه‌ی له‌ناوبردنی ئیسرائیل ده‌كات و له به‌رامبه‌ریشدا ته‌ل ئه‌ڤیڤ ئێران به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه له‌ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌یه‌وێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌یان درووست بكات، زۆر جاریش ئه‌و هه‌ره‌شانه سنووری زاره‌كییان به‌زاندووه و هه‌ڵوێستی سه‌ربازی نیشاندراوه، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مساڵ چه‌ندین جار فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل هێزه ئێرانییه‌كانی له‌ناو خاكی سووریا كردۆته ئامانج و زیانی گیانی و ماددیی زۆری پێ گه‌یاندووه و، ئێرانیش هه‌میشه به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌دات.
H.B