ئەردۆغان: پەرلەمان نەیگەیاندینە ئامانج

داوا دەكات ئەنجامانەكانی ھەڵبژاردن بەباشی بخوێننەوە

K24 - ھەولێر

لە یەكەم وتاریدا لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە نافەرمییەكانی ھەڵبژاردنی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لە شاری ئیستانبوڵ رایگەیاند: " گەلەکەمان بە پێدانی زۆرینەی پەرلەمان بە ھاوپەیمانی کۆمار و ئاكەپە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەی خستە سەرشانی لەبارەی ئەرکی یاسادانان. خۆشحاڵم بەوەی لە ھەموو ناوچەکانی وڵات ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی تەواو ئەنجام دران".

ئەردۆغان گوتیشی: "ئەنجامە نافەرمییەکانی ھەڵبژاردن ئاشکرا بوون. بەپێی ئەنجامەكان، گەلەکەمان ئەرکانی سەرۆکایەتی کۆمار و دەسەڵاتی جێبەجێکاری بەمن داوە. لە خوا داواکارم ھەڵبژاردنەکانی 24ی حوزەیران ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەل و وڵات، سەرکەوتنی دیموکراسی 24ی حوزەیران لە گەلەکەم پیرۆز دەکەم".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ئەرۆغان ئاماژەی بەوەدا: "تورکیا بەڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا بە نزیکەی لە90%، وانەی دیموکراسی بە تەواوی جیھاندا".

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو: "ئومێدەوارم ھیچ کەسێك بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی سێبەر نەخاتە سەر سیستەمی ھەڵبژاردن و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و، زیان نەگەیەنێت بە ھێزی گەورەی دیموکراسی وڵاتەکەمان. ئیدی کاتی وەلانانی مشتومڕ، گرژی و کێشەکانی ساتەوەختی ھەڵبژاردن و چڕکردنەوەی سەرنج بۆ داھاتووی وڵاتەکەمانە".

ھەروەھا سەرۆك كۆماری توركیا گوتی: "ئەوانەی لە وڵاتەکانی خۆیاندا رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا ناگاتە لە50% و ئەنجامەکانیشی بە دیموکراسی دەبینن، بەڵام ھێشتا بە سەرسوڕمانەوە تەماشای وڵاتەکەمان دەکەن، داوایان لێدەکەم زۆر بەباشی ئەو ئەنجامانە بخوێننەوە".

ئەردۆغان گوتی: "راسپاردەی گەل بۆ ئێمە لە بەڕێوەبردنی وڵات، ناموسی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوە".

ئەردۆغان، باسی لەوەشكرد: "ھەرچەندە لە پەرلەمان نەمانتوانی بگەین بە ئامانج، پشتیوان بەخوا بەھەموو ھەوڵ و تەقەڵڵامانەوە ئەوەی لەدەستمان بێت وەك ھاوپەیمانی کۆماری ھەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین".

دوێنێ 24/6/2018، ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان لە توركیا بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەكان، ئاكەپە و ئەردۆغان زۆرینەی دەنگەكانیان بە دەستھێناوە، ھەدەپەش بەربەستی 10% تێپەڕاندووە و 67 كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە.

ھ.م