بەهۆی گاڵتەکردن بە خواردنەکەی ژنێک پێنج کەس دەکوژێت و 88 دیکە ژه‌هراوی دەکات

"مێردەکەی و خەسوویشی كوشتووه‌"

K24 - هه‌ولێر:

ژنێک لە هیندستان بەهۆی گاڵتەکردن بە توانای چێشتلێنانی، ژەهر دەکاتە خواردنەکەیەوە و بەهۆیەوە مێردەکەی و چوار کەسی دیکە دەکووژێت.

پراندیا سورجاس تەمەن 23 ساڵ، دوو ساڵ لەمەوبەر شوی کردووە، بەڵام مێردەکەی بەردەوام رەخنەی لە خواردنەکانی گرتووە و گاڵتەی پێکردووە، ئەویش ژەمە خۆراکێک لە ئاهەنگێکی خێزانیدا ژەهراوی دەکات و بەهۆیەوە مێردەکەی، خەسووی، دوو لە خوشکەکانی هاوسەرەکەی و خەسووی خوشکی هاوسەرەکەی گیان لەدەست دەدەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی هیندستان تایمز، ئەوەی زیاتر بۆتە جێگای باسی خەڵکی ئەوەیە، لە ئاهەنگەکە 120 کەس ئامادەبوون، جیا لە مردنی ئەو پێنج کەسە، 88 كه‌سی دیکەش کە منداڵیان تێدایە ژه‌هراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئەو خاتوونە ژەهری کوشتنی ماری خستۆتە ناو خواردنەکان و ئامانجیشی ئەوەبووە تەواوی 120 کەسەکە بکووژێت.