ئه‌ندامی نێرینه‌ بۆ پیاوێك دانرا كه‌ له‌ سكماكه‌وه‌ نه‌یبووه‌

زانست هیوای ژیانی بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌ رێگه‌ی نه‌شگه‌رییه‌وه‌ ئه‌ندامی نێرینه‌ بۆ پیاوێكی به‌ریتانی، ته‌مه‌ن 44 ساڵ داده‌نرێت، كه‌ له‌ سكماكه‌وه‌ نه‌یبووه‌ و به‌بێ ئه‌ندامی نێرینه‌ له‌ دایكبووه‌.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی به‌ریتانی، ئەندرو واردل، لە نەخۆشخانەی زانکۆی لەندەن، نەشتەرگەرییەکی بە بەهای 50 هەزار پاوەند ئەنجام داوە و پزیشکان ئەندامێکی نێرینەی دەستکردیان بۆ چاندووە.

ئەندرو، کچە هاوڕێی خۆی هەیە بە ناوی فێدرا فابیان و تەنها پێویستی بە شەش هەفتە چاوەڕوانییە لە دوای نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی سێکسی لەگەڵ کچە هاوڕێکەی دەستپێبکات.

هەر لە منداڵییەوە، ئەندرو بە بێ ئەندامی نێرینە لە دایکبووە، بەڵام بۆ دروستکردنی دەرچەی میزکردن، 15 نەشتگەری بۆ ئەنجام دراوە.

ئەندرو بەهۆی ئەو حاڵەتە دەگمەنە لە ساڵی 2012 بیری لە خۆکوشتن کردووه‌تەوە، بەڵام چانسی هەبوو له‌لایه‌ن دکتۆر (دان ووده)‌و ئەو هیوای بۆ گەڕاندەوە.

لە لێدوانکیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیل، ئەندرو هەستی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و گووتی: "من 44 ساڵ ژیانم بە بێ ئەندامی نێرینە بەسەر بردووە، پێویستم بە کات دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ژیانە نوێیەم بگونجێم".

نەشتەرگەرییەکە بە ناوی (فالۆپلاستی)، پەمپێک لە ناو سیستەمی زاوزێی پیاوەکە دەچێنێت کە بەرپرس دەبێت لە بەرزبوونەوەی ئەندامەکە.

پاشان زەکەری کەسەکە بەو پەمپەوە دەبەسترێت و هەستەوەرەکانیشی بۆ دەگەڕێنەوە.

ئەندرو خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا، خاوەنی دوو (هێلکە گونی) تەندروست بووە، ئەمەش ئاسانکاری بۆ پرۆسەی چاندنی ئەندامی نێرینەی ناوبراو کردووە.

جیا لەو نەشتەرگەرییە، ئەوەی رۆڵی گرنگی لە باشترکردنی ژیانی ئەندرو گێڕاوە، کچە هاوڕێکەی بووە، چونکە دەستی گرتووە و لە خەمناکی دووری خستۆتەوە و گرنگی زۆری پێداوە.

ئێستا ئەو دوو خۆشەویستە دەتوانن وەک دوو مرۆڤی ئاسایی ژیان بکەن و ژیانیان بە هاوبەشی زیاتر بەسەر ببەن.

حاڵه‌تی ئه‌و پیاوه‌ به‌ریتانییه‌ ده‌گمه‌نه‌ و به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ پزیشكییه‌كان، له‌ 20 ملیۆن كه‌س، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ یه‌ك حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ تۆمار بكرێت. 

هـ. ج