هاووڵاتییانی شهش وڵات ناتوانن بچنه ئهمهریكا
ترەمپ سهركهوت و بڕیارهكهی بۆ قەدەخەی گەشتی شەش وڵات دهبێته یاسا
K24 - ههولێر:
دادگای باڵای ئەمەریکا دیارییەکی گەورەی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کرد و شەرعیەتی دا بە بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی چەند وڵاتێک بۆ ئەمەریکا.
لە مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبهری 2017، دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی رێگری کردن لە "هاتنی میلیشیاکان بۆ ناو خاکی ئەمەریکا"، بڕیاری قەدەخەی گەشتکردنی بەسەر حەوت وڵاتدا سەپاند، هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، سووریا، یەمەن، کۆریای باکوور، سۆماڵ، ئێران و ڤەنزوێلا بەشێک بوون لە پلانەکەی ترەمپ، بەڵام دواتر عێراق لەو لیستە دەرهێندرا و قەدەخەی لەسەر هەڵگیرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بی بی سی، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی بە یاسایی کردنی بڕیارەکەی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی وڵاتەکەی, دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە و بە "سەرکەوتنێکی گەورە"ی لەقەڵەم داوە.
ترەمپ بە بەرپرسانی وڵاتەکەی گوتووە: " ئێمە دەبێت توند بین، ئێمە دەبێت سەلامەت بین".
ترەمپ گوتیشی: " ئەگەر سەیری یەکێتی ئەوروپا بکەن، تازە کۆدەبنەوە بۆ توندکردنی یاسای پەنابەران، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوان ناتوانن چیدی بەرگە بگرن".
رێگریکردن لە گەشتی هاووڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە بۆ ئەمەریکا، دوور نەبووە لە ناڕەزایەتی خەڵکی و بە دژی ئازادی وهسفكراوه، بەڵام رۆژئاواییەکان تا دێت زیاتر بێزاری خۆیان لە پەنابەران دەردەبڕن، بەجۆرێک هەندێکیان چیدی یاسا و ئازادیشیان بۆ گرنگ نییە بۆ رێگریکردن لە وەرگرتنی پەنابەران.
هـ. ج