بازرگانە ئێرانییەکان دەستیان کردووە بە کڕینی پاسپۆرتی وڵاتێکی ئەفریقی

بۆ خۆ دزینەوە لە سزاکان ناسنامەی خۆیان دەگۆڕن

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشە دارییەکانی سەر وڵاتەکەیان، بازرگانەکانی نەوت و گازی ئێران روو لە کڕینی پاسپۆرتی دوورگەیەکی ئەفریقا دەکەن تاکو خۆیان بپارێزن لە سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەیان.

لە مانگی (کانوونی دووەم/ يه‌ناير)ى ئه‌مساڵ، وڵاتی کۆمۆرۆس (وڵاتێکی دوورگەییە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفریقا و نێوان هەردوو وڵاتانی مۆزەمبیق و ماداگاسکار) بڕیاريدا بە هەڵوەشاندنەوەی فرۆشتنی 150 پاسپۆرتی وڵاتەکەی، بەڵام هۆکارەکەی روون نەکرده‌وە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە بە دواداچوونێکیدا ئاشکرایکردووە، لە کۆی ئەو 150 پاسپۆرتە فرۆشراوانە، 100 کڕیاریان خەڵکی ئێرانن و سەرۆکی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و گواستنەوەی وزەی وڵاتەکەیانن، ئەمانەش ئەو سێکتەرانەن کە پشکی شێریان لە سزا ئابوورییە نوێدەوڵەتییەکان بەردەکەوێت.

ئەگەر هەڵگری پاسپۆرتی کۆمۆرۆس بیت، بە بێ بوونی ڤیزا، دەتوانی گەشت بۆ 70 وڵات بکەیت و هەژماری بانکی لە زۆرێک لەو وڵاتانە بکەیتەوە.

لە ساڵی 2008، کۆمۆرس، بڕیاری فرۆشتنی پاسپۆرتی وڵاتەکەی دا ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی پارەی نەختی بوو لەو دوورگەیە. کۆمۆرۆس پاسپۆرتەکەی بە بڕی 85 هەزار دۆلار بۆ تەواوی خێزانێک دەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت تەنها یەک پاسپۆرت بکڕیت، ئەوا نرخەکەی 45 هەزار دۆلارە.

سەرۆکی ساڵانی 2006 بۆ 2011ی کۆمۆرۆس، ئەحمەد عه‌بدوڵڵا محەممەد سامبی، بەهۆی ئەوەی ماوەی چوار ساڵ لە شاری قومی ئێران خوێندبووی و پەیوەندی نزیکی هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی تاران، بەشێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی خەڵکی ئێران بوون.

بەڵام لە ساڵی 2016، ئازەلی ئاسوومانی بووە سەرۆکی ئەو دوورگەیەی ئەفریقا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی به‌ ئاراسته‌ى پێچه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئێران گۆڕی و روویکردە سعودیە و وڵاتانی کەنداو.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، دەزگای هەواڵگری کۆمۆرس ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە خەڵک هەبووە پاسپۆرتى کۆمۆرۆسی پێبووە و لە بەرەکانی جەنگدا لە وڵاتانی عێراق، سووریا و سوماڵ کوژراوە.

ئەمەش وایکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشداری بداتە دەسەڵاتدارانی کۆمۆرۆس و رێگری لەو هەوڵەی ئێران بکات لە خۆ دزینەوە لە سزا ئابوورییەکان.

هـ.ج