تورکیا گوێ بە داوایەکی ئەمەریکا نادات

"ئێمە بیر لە بەرژەوەندی خۆمان دەکەینەوە"

K24 - هه‌ولێر:

تورکیا رەتیکردەوە گوێ بۆ داواکەی ئەمەریکا لەبارەی کڕینی نەوتی ئێرانەوە بگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، لە کڕینی نەوتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن.

نیهاد زه‌یبه‌كچی، وەزیری دارایی تورکیا، لە بارەی بڕیاری ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ئێران، بە رۆژنامەی حوریەتی گوت: "بڕیاری ئەمەریکا لە بارەی نەوتی ئێران پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە تەنها پەیڕەوی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، جیا لەوە بیر لە بەرژەوەندی خۆمان دەکەینەوە".

ئەو وەزیرەی تورکیا گوتیشی: "ئێمە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، تاکو دڵنیا بین ئێرانی هاوڕێمان هیچ کاردانەوەیەکی نا یەکسانانەی بەرامبەر ناکرێت".

ئەمەریکا نیازی هەیە بەهۆی جەنگی ئابووری، حکوومەتی ئێران لاواز بکات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە هاوپەیمانانی کردووە لە 4ی تشرینی دووەم، پرۆسەی کڕینی نەوتی ئێران رابگرن، بەڵام تاکو ئێستا دیار نییه‌ کام وڵات گوێ بۆ بڕیارەکەی واشنتن شل دەکات.

‌ه.ج