داعش عه‌بادی "شه‌رمه‌زار" كردووه‌

ویلایه‌تی دووه‌می عه‌بادی له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داعشدایه‌

K24 - هه‌ولێر:

دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی شەرمەزارییەکی گەورە کردووەتەوە، بۆ داپۆشینی ئەو شەرمەزارییەش لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، عەبادی زیاتر لە سێ جار لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەتەوە.

عەبادی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ، بە لیستێکی جیا لە حزبی دەعوە بەشداری لە هەڵبژاردن کرد، ناوی لیستەکەشی نا لیستی سەرکەوتن، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و کۆتاییهێنان بە داعش بوو لە عێراق، بەڵام لە دوای هەڵبژاردن، داعش جارێکی دیکە هێرشەکانی بە چڕی دەستپێکردووەتەوە و لەماوەی رابردووشدا، سەدان سەرباز و هاووڵاتی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی داعش کوژراون و برینداربوون، لەکاتێکدا عەبادی هەوڵ بۆ رازیکردنی لایەنەکان بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە دەدات.

عەبادی لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، درووشمی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵکارانی بەرزکردەوە، کەچی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، نەیتوانی هیچ کەیسێکی گەندەڵی یەکلایی بکاتەوە و چاکسازی راستەقینەش لەو وڵاتە بکات، بۆیە هەوڵیدا لەڕێگەی سەرکەوتنەکان بەسەر داعش، بەختی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران هەبێت، بەڵام نیگەرانییەکانی مەرجەعییەتی باڵای عێراق لە پشتگوێخستنی شەڕی دژ بە داعش لەلایەن حکوومەت، رەنگە کۆتایی بەم چانسەی عەبادی بهێنێت و وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە ئەستەم بکات.

سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو، حکوومەتی عێراق کۆتاییهاتنی داعشی لەو وڵاتە راگەیاند، بەڵام پسپۆڕانی سەربازی پێیانوایە، داعش لەناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا، پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین دەسەڵاتی فراوانیان هەیە و حکوومەتیش نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانە بکات.

ا. م