توركیا دەگەڕێتەوە مووسڵ
خەریكی كارە فەرمییەكانە
K24 - ھەولێر
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشكرای دەكات، خەریكی كارە فەرمییەكانین، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كونسوڵخانە لە مووسڵ بكەنەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند: "لە بەسرە خەریکین كونسوڵخانە دەکەینەوە، هەروەها دەستمان بە کارە فەرمییەکان کردووە بۆ کردنەوەی كونسوڵخانە لە مووسڵ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە پەیوەندیدان، سەبارەت بە کشانەوەی ئەندامانی پەكەكەش لە شنگالیش گووتی: "دوای پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق، هاریکارییەکانمان لەگەڵ بەغدا دژی پەکەکە بەهێزتر دەکەین. پێویستە دڵنیابین لەوەی کە چەند لە ناوچەی شنگال کشاونەتەوە و چەند ماونەتەوە".
چاوشئۆغڵو، ئاماژەی بەوەشكرد: "ناتۆ کەمپێکی مەشقپێکردن و راهێنانی دەبێت لەوێ. تورکیا رۆڵی گرنگی دەبێت".
لەگەڵ داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014، كونسوڵ و ستافی كونسوڵخانەی توركیا لە مووسڵ كە ژمارەیان 49 كەس بوون، كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، دواتر ئازادكردنیان لەلایەن داعش بووە ھەواڵی میدیا جیھانییەكان، چونكە لەو كاتە ھەر كەسێك كەوتبایە دەست داعش سەری دەبڕی و بە ڤیدیۆ بڵاویدەكردوە، پاش ئازادبوونی لە دەستی داعش، كونسوڵی توركیا لە مووسڵ حكوومەتی وڵاتەكەی بە ھۆكار زانی كه دووچاری ئهو رووداوهی كردن.
ھ.م