قوتابخانەیەك پەیوەندی بەرلین و ئەنقەرە ئاڵۆزتر دەکات

ئەڵمانیا داوای روونكردنەوە لە توركیا دەكات

K24 - ھەولێر

تورکیا بەبێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێك، قوتابخانەیەکی ئەڵمانی لە شاری ئیزمیر دادەخات و ئەڵمانیاش دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تورکیا لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لقێکی قوتابخانەکانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە 28ی حوزەیران لە توركیا داخراوە. داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەین، بەپەلە لەسەر داخستنی ئەو قوتابخانەیە روونكردنەوە بدات".

دیرک فیلیپ، مامۆستا لە قوتابخانەکە، سەبارەت بە چۆنیەتی داخستنی فێرگەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا(دی پەی ئەی) دواوەو ئاشکرای کردووە: "چەند کەسێك لە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ پۆلیس هاتوون و قوتابخانەکەیان داخست. چەند تێبینییەکیان بە نووسین و زارەکی پێدواین، بەڵام هیچ بنەمایەکی یاساییان نەبوو".

بەهۆی رەخنەکانی ئەڵمانیا لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا، پەیوەندی بەرلین و ئەنقەرە ناسەقاگیری بەخۆوە بینیووە. پێشتر ئەڵمانیا رێگری کردبوو لە شاندێکی پارتی دادوگەشەپێدان (ئەکەپە) بانگێشتی هەڵبژاردن لە وڵاتەکە بکات و تورکیاش، ئەڵمانیای بە پاڵپشتکەری تیرۆر تاوانبارکرد.

ھ.ج