واشنتۆن ده‌ست ده‌خاته ده‌م و لووتی تاران و هه‌ناسه‌ی پێ ده‌بڕێت
ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ده‌روازه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌سه‌ر ئێران داده‌خات
K24- هه‌ولێر:
گه‌وره به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی له دژی كۆماری ئیسلامی ده‌ستی پێكردووه، ئامانج لێ دابه‌زاندنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بۆ ئاستی سفر، ئه‌مه‌ش وه‌ك فشارێك بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران بۆئه‌وه‌ی ره‌فتاری خۆیان له ناوچه‌كه بگۆڕن.
ئه‌م لێدوانه‌ی براین هۆك، به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانانی سیاسی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون و گوتی، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو رێگایه‌ك به‌كاربهێنێت، بۆئه‌وه‌ی زۆرترین وڵاتانی جیهان رازی بكات نه‌فتی ئێران نه‌كڕن و ئاستی هه‌نارده‌ی وزه‌ی ئێران بۆ سفر دابه‌زێنێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پلانی نویمان بریتییه له فشار خستنه سه‌ر رژێمی ئێران بۆئه‌وه‌ی ره‌فتار و سیاسه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه بگۆڕێت"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئێمه ده‌زانین ئه‌و كاره‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین رێژه‌ی نه‌وت له بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهانی كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵام باوه‌ڕی ته‌واومان هه‌یه كه وزه‌یه‌كی یه‌ده‌گی نه‌وت هه‌یه كه قه‌ره‌بووی ئه‌و كورتهێنانه ده‌كاته‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌هۆی كشانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته، دۆخی ئابووری ئێران تێكچووه و نرخی توومه‌ن به‌رامبه‌ر به دراوی بیانی دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێرانی گرتۆته‌وه و داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران ده‌كه‌ن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی گرنگی به فراوانكردنی هه‌ژموونی خۆی له ناوچه‌كه و بوونی سه‌ربازی خۆی له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بدات، بهسیاسهتهكانیدا بچێته‌وه و ئاوڕێك له خه‌ڵكه‌كه‌ی بداته‌وه.
H.B