به‌وێنه.. نمایشكارێكی ته‌مه‌ن 90 ساڵی ئاماده نییه ده‌ست له پیشه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت
"بۆچی مرۆڤ ماكیاژ له‌سه‌ر ده‌مو چاوی دا‌نێت؟ خۆ نهێنی جوانی مرۆڤ له خواردنی ته‌ندرووست و خه‌نده‌دایه"
K24- هه‌ولێر:
"دافنی سیلفی" كه به‌ته‌مه‌نرین نمایشكاری جلوبه‌رگی ئافره‌تانه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك به‌ریتانییه ئاشكرایكرد، "بۆ پاراستنی له‌ش و لاره رێكه‌كه‌ی و هێزی جه‌سته‌یی په‌یڕه‌وی به‌رنامه‌یه‌كی باشی خۆراك ده‌كات"، ره‌تیشی كرده‌وه له‌و ته‌مه‌نه‌یدا ده‌ست له پیشه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت كه كاری نمایشكارییه.
ئه‌و نمایشكاره كه رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو مۆمی 90 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كوژانده‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "هێشتا ئه‌و رۆژانه هه‌ندێ راهێنانی یۆگا و جووڵه‌ی وه‌رزشی و توندكردنی ته‌نیشته‌كانی ده‌كات"، گوتیشی، "له ژیانی خۆمدا جگه‌ره‌م نه‌كێشاوه و هه‌رگیز بیرم له به‌كارهێنانی بۆتۆكسیش بۆ جوانكاری نه‌كردۆته‌وه".
گوتیشی، "بۆچی مرۆڤ ماكیاژ له‌سه‌ر ده‌مو چاوی دا‌نێت؟ خۆ نهێنی جوانی مرۆڤ له خواردنی ته‌ندرووست و خه‌نده‌دایه".
ئه‌و نمایشكاره به‌ریتانییه ئاشكرایكرد، "رۆژانه بۆ ژه‌می به‌یانییان نیو ئا‌ڤۆگادۆ، سپێناغ، بادام، ترێ، نیو سێ‌و و نیو مۆز ده‌خۆم، له خواردنی درووستكراویش دوور ده‌كه‌ومه‌وه".
گوتیشی، "ئه‌وه ده‌زانم له‌گه‌ڵ به‌ساڵاچوونا له‌شی مرۆڤ وه‌ك پێشتر نامێنێت، به‌ڵام ته‌حه‌دای ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌كه‌م".
ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه "منداڵه‌كانم له‌و باوه‌ڕه‌دان، به‌رده‌وامبوونم له به‌شداریكردن له كاری فاشیۆنی مایه‌ی پێكه‌نینه، به‌ڵام من بیرم له خانه‌نشینی نه‌كردۆته‌وه".
H.B



