ئهردۆغان دهسهڵاته رههاكه وهردهگرێت
تورکیا یەکەم هەنگاوی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی نا
K24 - ههولێر:
تورکیا یەکەم هەنگاوی بۆ گۆڕینی سیستمەکەی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی نا و بۆ ئەومەبەستەش پرۆژە یاسایەکی 74 بڕگەیی ئامادە کردووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گازێتای فهڕەنسی، 74 بڕگەکەی پڕۆژە یاساکە، رێکكاری وردی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات لە سەرۆکوەزیرانەوە بۆ سەرۆککۆمار تێدایە و ئەمڕۆ 04/07/2018، رێكکارەکانی چەسپاندنی ئەو پرۆژە یاسایە دەستپێدەکات.
دوای گۆڕینی پرۆژە یاساکە بۆ یاسای فەرمی، سەرۆکی تورکیا دەسەڵاتی رەهای لە وڵات دەبێت، تەنانەت وەزیرەکانیش، سەرۆک هەڵیدەبژێرێت، پەرلەمان هێزێکی ئەوتۆی نابێت و پۆستی سەرۆکوەزیرانیش هەڵدەوەشێتەوە.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ماوەی یاسایی وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا تەواو بوو، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کرد و توانی براوە بێت. ئێستا، ئەردۆغان دەیەوێت دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران کە پێشتر هەر لای خۆی بوو، بگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی. لەمەشدا، بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی 24/06/2018، توانی سەرکەوتووبێت.