مۆته‌كه‌ی حه‌شد به‌رۆكی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان ده‌گرێ
ململانێی باڵاده‌ستبوون ترسێكی گه‌وره‌ی لای سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان درووستكردووه
K24 - هه‌ولێر:
پله‌ی گرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دامه‌زراوه سه‌ربازییه فه‌رمییه‌كانی عێراق و سه‌ركرده‌ی گرووپه ناوخۆییه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران كه له ژیر ناوی حه‌شدی شه‌عبی كارده‌كه‌ن به‌رزده‌بێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی پرۆسه سه‌ربازییه گه‌وره‌كانی دژی داعش له سه‌رانسه‌ری وڵات و زیاتربوونی گرژی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، فشاری سه‌ر ئه‌و گرژیانه‌ی نێوان سوپا و حه‌شد زیاتر بووه.
پارته‌كانی عێراق ئه‌وانه‌یان له ئیرانه‌وه نزیكن، هێشتا دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه به هۆكاری شكستی گه‌وره و به‌ده‌سته‌وه‌دانی رووبه‌رێكی فراوانی خاكی عێراق ده‌زانن، كاتێك ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و عێراق هاتن به ئاسانی بۆیان جێهێشتوون. هه‌ندێكیش ئه‌و سه‌ركردانه به ناپاك ناوده‌به‌ن كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕ‌ێنه‌وه گۆڕه‌پانی سیاسی و تائیفه‌گه‌ری و په‌یڕه‌ویكردن له به‌رنامه‌ی نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق.
گرووپه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران كار ده‌كه‌ن، دامه‌زراوه سه‌ربازییه فه‌رمییه‌كان به هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا ده‌زانن و زۆر خۆشییان له به‌ھێزبوونیان نایه‌ت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌هاوكاریی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له شه‌ڕی رێكخراوه تونده‌ڕه‌وه‌كه بینییان.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی خۆی خستووه‌ته سه‌ر پاڵپشتیكردنی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی عێراق و په‌یوه‌ندی به‌تینی له‌گه‌ڵ گه‌وره سه‌ركرده‌كانیاندا هه‌یه. به‌تایبه‌تی ده‌زگای دژه تیرۆری عێراقی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
هه‌ندێك له چاودێرانی ره‌وشه‌كه ده‌ڵین: "زیادبوونی ئه‌و گرژیانه‌ی نێوان دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان و میلیشیاكان، ده‌رهاویشته‌ی خراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و تارانه. چونكه ئێران كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌و گرووپانه هه‌یه.
دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی، واشنتن ئاماژه‌ی به بژارده‌ی سه‌ربازی دژی ئێرانیشدا. هه‌ر بۆیه هاوپه‌یمانه‌كانی تاران دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی عێراق به مه‌ترسی ده‌زانن و پێیانوایه له‌و بارودۆخه‌دا دژی ئه‌وان ده‌جووڵێنه‌وه و رۆڵێكی نێگه‌تیڤیان به‌رامبه‌ر ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌یه. جا چ له رێگه‌ی ئاسانكاریی بێت بۆ لیدان له ئامانجه‌كانی تاران، یان به‌شدارییه‌كی كرده‌یی بێت و له‌ژێر ناوی سه‌پاندنی یاسادا بیكه‌ن".
قۆناخی شه‌ڕی داعش وایكرد، چه‌كدارانی سه‌ر به ئێران له شه‌قامه‌كاندا چه‌كه‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌و خۆیان به خاوه‌ن ماڵی سه‌ره‌كی بزانن، چونكه ئه‌وان پێیانوایه كاتێك به‌ده‌نگ فه‌توای مه‌رجه‌عییه‌ته‌وه چوون، بوونته رێگر له‌به‌رده‌م ھێرشه‌كانی داعش. وه‌ك چۆن به‌ریان به داعش گرتووه، ده‌بێت بتوانن به‌ئاسانیش به‌ری "سه‌ركه‌وتنه‌كه" بخۆن.
له به‌رامبه‌ردا دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی عێراقیش ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه، ئێران بیه‌وێت باڵای میلیشیاكانی سه‌ر به‌خۆی له دامه‌زراوه سه‌ربازییه فه‌رمییه‌كان به‌رزتر بێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی كه "سه‌ركه‌وتن"ـی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند، ده‌یه‌وێت چه‌ك له ده‌ستی ئه‌و میلیشیانه نه‌بێت كه به‌ئاشكرا له‌ناو شاری به‌غدای پایته‌خت ده‌سوڕێنه‌وه‌و ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت بیكه‌ن، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی به‌غدا كه سه‌ر به سوپای عێراقن، باره‌گای كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقیان له شه‌قامی فه‌ڵه‌ستینی رۆژهةڵاتی پایته‌خت گه‌مارۆدا. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی میلیشیا شیعییه‌كه‌ی سه‌ر به ئێران ره‌تیانكردبووه‌وه ملكه‌چی فه‌رمانه ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كان بن و رێگه‌یان نه‌داوه بپشكنرێن. هه‌ر چه‌نده ئه‌و داواكراوانه كه‌وتنه ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه سیاسییه نزیكه‌كانی تاران به خێرایی ده‌ستیان به نێوه‌ندگیریی كرد تا له داوه‌كه ده‌ریانبهێنن.
هه‌روه‌ها دامه‌زراوه سه‌ربازییه فه‌رمییه‌كانی عێراق ئه‌و هه‌را و هاواره‌ی میدیاكانیشیان بیر نه‌چووه‌ته‌وه كه له جه‌نگی داعشدا ئه‌وانی وه‌ك هۆكاری شكست و حه‌شدی شه‌عبییان به‌هۆكاری سه‌ركه‌وتن ناوده‌برد. ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح به پله‌ی دووه‌م كه زۆرینه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێرانی له خۆگرتووه، به‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه ناوی "نه‌سر"ـی لێنا له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 دا. هه‌ستكردن به مه‌ترسی له‌لای گه‌وره سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان سوپای عێراق و دژه تیرۆر درووستكردووه. ده‌ترسن ئێران پاڵپشتی له راماڵین و سڕینه‌وه‌ی نه‌یارانی له‌ناو ریزه‌كانی سوپا و هێزه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان بكات. ته‌نانه‌ت یه‌كه یه‌كه له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه سه‌ربازییه مه‌یلی به‌لای تارانه‌وه بێت، سه‌ركرده‌كانیان له وجوود نه‌هێڵن.
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن: "ئه‌و سه‌ركرده سه‌ربازییانه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری باڵاده‌ستی و مانه‌وه‌یان بكه‌ن، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رزترین ئاستدا هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ستیاری و گرژی نێوانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی زیاتر بوو، واشنتن پاڵپشتی دامه‌زراوه فه‌رمییه سه‌ربازییه‌كه بكات".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: "عه‌بادی ده‌یه‌وێت سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان دڵنیابكاته‌وه كه رێگه له هه‌ر هه‌وڵێكی هاتنه ناوه‌وه‌ی ئیران بۆ ناو دامه‌زراوه فه‌رمییه سه‌ربازییه‌كان ده‌گرێت. به‌ڵام ناشیه‌وێت هانی سوپای عێراق بدات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و میلیشیا چه‌كداره، چونكه پاساوی درووسبوونی شه‌ڕی ناوخۆیی به‌ده‌سته‌وه‌یه".
سه‌ركرده دیاره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێن: "فه‌رمانمان به هێزه‌كان داوه خۆیان له هه‌ڵگرتنی چه‌ك له شه‌قامه‌كانی به‌غدا به‌دوور بگرن.
چاودیرانیش پێیانوایه ئێران نه‌یه‌ویت له‌م كاته‌دا كه له خه‌می پێكهینانی حكوومه‌تێكی نزیك له خۆیدایه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نیوان ئه‌و هێزانه رووبدات و ئه‌ویش فه‌رمانی به میلیشیاكانی نزیك له خۆی كردبێت "له‌م قۆناغه‌دا خۆیان له ئیستیفزازكردنی دامه‌زراوه سه‌ربازییه فه‌رمییه‌كان به‌دووربگرن".
ئه‌وه له كاتێكدایه ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش به‌رده‌وام عه‌بادی هانده‌ده‌ن سنوورێك بۆ هه‌ژموونی ئێران له عێراق دابنێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی داهاتوو له‌و هێز و لایه‌نانه بێت كه له ئێرانه‌وه نزیكن و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ببنه ده‌سه‌ڵاتدار له عێراقدا، له‌وانه‌یه خه‌ونه‌كه‌ی تاران بێته دی و سێبه‌ری میلیشیاكانی نزیك له خۆی بگاته سه‌رووی دامه‌زراوه فه‌رمییه سه‌ربازییه‌كانی عێراق.