وڵاتانی ئه‌وروپاش پاره‌ نه‌ده‌ن تره‌مپ له‌ رووسیا نایانپاریزێ

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا: ئێمە گەمژەین ئێوە دەپارێزین

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەندامانی ناتۆ لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆببنەوە، لەو کۆبوونەوەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نیازی هەیە داوا لەو وڵاتانە بکات چیدی چاویان لە ئەمەریکا نەبێت بۆ پاراستنیان "چونکە پارەی زۆری تێدەچێت".

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی سی ئین بی سی ئه‌مه‌ریكی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری گرەیت فاڵز لە ویلایەتی مۆنتانای ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ناتۆ گوتی: "من بە ناتۆ دەڵێم. کاتی ئەوە هاتووە ئێوەش پارەی پسوولەکانتان بدەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدی هەموو شتێکتان بۆ ناکات".

سەرۆکی ئەمەریکا گووتیشی: "ئێمە 70% بۆ 90%ی پارەی پاراستنی ئەوروپا دەدەین و ئەوانیش بە بازرگانی دەمانکوژن".

دواتر ترەمپ هێرشیکردە سەر وڵاتی ئەڵمانیا و رایگەیاند: "ئەڵمانیا دەیەوێت ئێمە لە رووسیا بیان پارێزین، کەچی خۆیان ملیارەها دۆلار دەدەنە رووسیا. ئێمەش ئەو گەمژەیەین کە پارەی هەموو شتێک دەدەین".

ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی ئەوروپا، چەندین بنکەی سەربازی لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا هەیە، بەڵام ترەمپ لە بەرامبەر ئەوە دەیەوێت هاوپەیمانەکانی پارە و بەرژەوەندی پێشکەش بکەن.

ئەو پارەیەی ئەمەریکا لە بەهێزکردنی بەرگری ناتۆ خەرجی دەکات، لە تێکڕای وڵاتانی ئەڵمانیا، فرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەڕیتانیا و کەنەدا زیاترە. ئەمەش وایکردووە، ئەمەریکا تەنها لە ساڵی 2017، نزیکەی 686 ملیار دۆلار لە بواری سەربازی و بەرگریدا خەرج بکات.