سێ قوتابی بەهۆی گاڵتەکردن بە ئەردۆغان دەستگیرکران
وێنەی ئاژەڵیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا داناوە
K24 - ههولێر:
سێ قوتابی لە زانکۆی تەکنیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنقەرە بەهۆی گاڵتەکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونیان، دەستگیرکران.
ئەگەرچی لەو ئاهەنگی دەرچوونەدا، قوتابیان چەندین وێنە و نووسینی سیاسییان نیشانی ئامادەبوواندا، بەڵام ئەوەی دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، وێنەی چەند قوتابییەک بوو کە لەسەری نووسراوە "جیهانی ئەردۆغان" و لەگەڵ وێنەی مانگا، مار و مەیموون هاوپێچکراوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، ئەو وێنەیە پێشتر لە لایەن گۆڤاری پێنگوین لە ساڵی 2006 وەک رەخنەگرتن لە سیاسەتی ئەردۆغان بڵاوکراوەتەوە کە بەهۆیەوە سەرۆککۆماری تورکیا شکاتی لە گۆڤارەکە کرد، بەڵام دادگا رەتیکردەوە سزای ئەو گۆڤارە بدات.
ئەو سێ قوتابییە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان نادیارە.

ھ.ج