له‌ توركيا به‌ يه‌ك بڕيار زياتر له‌ 18 هه‌زار و 500 كه‌س له‌ راژه‌ى حكومى ده‌ركران

12 دامه‌زراوه‌ و سێ رۆژنامه‌ و كه‌ناڵێكى ته‌له‌ڤزيۆنيش داخراوون

K24 – هه‌ولێر:

ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا، به‌ ته‌نيا بڕيارێك، زياتر له‌  18 هه‌زار و 500 فه‌رمانبه‌ر و مامۆستاى زانكۆ و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازيان له‌ راژه‌كانيان ده‌ركرد.

له‌ مه‌رسومێكدا ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا، فه‌رمانى ده‌ركردنيان بۆ 18 هه‌زار و 632 كه‌س ده‌ركرد.

به‌ گوێره‌ى مه‌رسومه‌كه‌ 9 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندى پۆليس، 6 هه‌زار ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، كه‌ 3 هه‌زاريان سه‌ربازى ريزى سوپا بوون، 2 هه‌زار كارمه‌ندى هێزى ئاسمانى، 199 ئه‌كاديمى و مامۆستاى زانكۆ ده‌ركران.

هاوكات به‌ گوێره‌ى مه‌رسومه‌كه‌ 12 دامه‌زراوه‌ و سێ رۆژنامه‌ و كه‌ناڵێكى ته‌له‌ڤزيۆنيش داخراوون.

دواى ئه‌وه‌ى له‌ ته‌مموزى 2016دا هه‌وڵێكى كوده‌تا درا و كوده‌تاكه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا كه‌وتنه‌ وێزه‌ى نه‌ياره‌كانيان و به‌ تۆمه‌تى تێوه‌گلان له‌ كوده‌تاكه‌ هه‌زاران كه‌سيان له‌ پۆسته‌كانيان دوورخسته‌وه‌.

مه‌رسومه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ، پێويستى به‌ په‌سندكردن نييه‌ له‌ لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ و دواى ئه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائيعى توركى بڵاوكرايه‌وه‌، راسته‌وخۆ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: رووسياليه‌وم

ئ.ر