لەسەر لابردنی سەرپۆش ژنێکی ئێرانی 20 ساڵ زیندانیی ده‌كرێ

پارێزه‌ره‌كه‌یشی گیراوه‌

ئەو ژنە ئێرانییەی بە لادانی سەرپۆشەکەی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران، بووە جێگای باسی زۆرێك له‌ میدیاکان و وێنەکەی بەفروانی بڵاوکرایەوە، 20 ساڵ زیندانی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بەسەردا سەپا.

شاپەرەک شەجەریزادەی تەمەن 42 ساڵ، وەک هەڵوێستی دژی یاسای بەزۆر پۆشینی لەچک، سەرپۆشە سپییەکەی لە ترافیکێکی تاراندا له‌سه‌ری لادا و بە دارێکەوە بەستی و بەرزی کردەوە، پاشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، بە سوود وەرگرتن لە نووسینێکی شاپەرەک ئاشکرای کردووە، ئەو کچە یاخییە سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و تۆمەتی "لەشفرۆشی و گەندەڵی" دراوەتە پاڵ.

هێزە ئەمنییەکان جیا لەو خاتوونە، نەسرین ستوودە، پارێزەری شاپەرەک شەجەریزادەشیان دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی یاسای رووپۆشی ئێران، دەبێت هەر ئافرەتێک کە تەمەنی لە 13 ساڵ زیاترە، لە سەریەوە تا پێیەکانی دابپۆشێ، ئەمەش بۆ هەندێک لە ژنانی ئێران پێچەوانەی ئازادی ژنانە لەو وڵاتەدا.

 

H.J