داعش دوا مۆڵگه‌ی به منداڵه خۆكوژه‌كان ده‌پارێزێ
4000 چه‌كدار و 35 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له دوامۆڵگه‌ی داعشدا چاوه‌ڕوانی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕن
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی بریتانی، سه‌دان خۆكوژ و 4000 چه‌كداری داعش خۆیان بۆ به‌رگریكردن له شارۆچكه‌ی "هه‌جین"ـی رۆژهه‌ڵاتی سووریا له نزیك سنووره‌كانی عێراق ئاماده‌كردووه.
رۆژنامه‌ی ئیندپێندنتی بریتانی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "هه‌جین دوا مۆڵگه‌ی رێكخراوی داعشه له سووریا، شه‌ڕی ئه‌و شارۆچكه‌یه پاش تێپه‌ربوونی ساڵێكه به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ كه له 10/7/2018 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كۆنترۆڵیان كرده‌وه.
رۆژنامه‌كه له زاری ئه‌و شایه‌تحاڵانه‌ی له‌و ناوچه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه كوردییه‌كان رایانكردووه نوسیوویه‌تی: "ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و هێزانه‌ی دژی داعش ده‌جه‌نگن گه‌مارۆی هه‌جینی رۆژهه‌ڵاتی رووباری یه‌رمووكی پارێزگای دێره‌زووریان داوه".
شایه‌تحاڵێك ده‌ڵیت: "له‌و كه‌سانه‌م بیستووه كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی داعش كارده‌كه‌ن و گوتوویانه، زیاتر له 200 منداڵی خۆكوژ له‌و شارۆچكه‌یه‌دان. هه‌روه‌ها 35 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل و 4000 هه‌زار ئه‌ندامی داعش هێشتا له‌وێن و چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه بۆ خۆپاراستن له بۆمبابارانی فڕۆكه‌كان تونێلی قۆڵ و دوور و درێژیان لێداوه".
رۆژنامه بریتانییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی داعش له عێراقه‌وه خۆیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و چه‌ندین كه‌سی زیندانیكراویشیان له‌گه‌ڵدا بووه".
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا باسی توانای چه‌كدارانی داعش ده‌كات و نوسیوویه‌تی "دوای زنجیره‌یه‌ك شكستی یه‌ك له دوای یه‌ك، پێده‌چێت چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه هه‌ندێك خۆیان رێكخستبێته‌وه، هه‌رچه‌نده پێناچێت بیانه‌وێت تا كۆتایی شه‌ڕبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌نیازی شه‌ڕكردنبن تا كۆتایی، ئه‌وه هه‌واڵێكی نوێیه بۆ ئه‌و هه‌زاران خه‌ڵكه‌ی له هه‌جین گیریانخواردووه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌ستپێكردنی دوا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.