عه‌بادی دان به‌ڕاستییه‌كی تاڵ‌دا ده‌نێت
گوتاره‌كه‌ی عه‌بادی وه‌ڵامی خواسته‌كانی خۆپیشانده‌رانی نه‌دایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكرد، له‌ئێستادا ناتوانین سه‌رجه‌م ئه‌و داواكارییانه جێبه‌جێ بكه‌ین كه خۆپیشانده‌ران ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌م قسانه‌ی عه‌بادی له گوتاری هه‌فتانه‌یدا هاتوون، كه دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی، "جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی پاراستنی خۆپیشانده‌ران و پارێزگاریكردن له ئاسایش له سه‌رانسه‌ری وڵات ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه عێراق قوربانی زۆری له‌پێناو ئاسایش داوه و ناكرێت له‌ده‌ستی بده‌ین".
عه‌بادی گوتی، "ئێمه به گرنگییه‌وه به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیشمان راسپاردووه، كه ئه‌وه‌ی له‌توانادایه بۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن"، هه‌وره‌ها گوتی، "هێزه ئه‌منییه‌كانمان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و پارێزگاریكردن له سامانی گشتی و تایبه‌ت راسپاردووه".
عه‌بادی وێڕای ئه‌وه‌ی دانی به‌وه‌دا نا كه ئێستا ناتوانن ته‌واوی ئه‌و داواكاریانه جێبه‌جێ بكه‌ن كه خۆپیشانده‌ران ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌وره‌ها داواشی له خۆپیشانده‌ران كرد، ئه‌و كه‌سانه ئاشكرا بكه‌ن، كه بۆ مه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی و هێنانه‌وه‌ی پشێوی چوونه‌ته ناو ریزی خۆپیشانده‌ران و ئاسایشی گشتی ده‌كه‌نه ئامانج.
H.B