به‌رداشی به‌رژه‌وه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كان عێراقییه‌كان زیاتر ده‌هاڕێ
رۆڵی ده‌ره‌كی له خۆپیشاندانه‌كانی باشووری عێراق چه‌نده؟
K24 - هه‌ولێر:
له‌ناو رای گشتی عێراقیدا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه خۆپیشاندانه‌كانی باشووری وڵات په‌یوه‌ندی به هیچ لایه‌نێكی سیاسیی یان حزبێكه‌وه نییه، هیچ لایه‌نێكی سیاسیش هاواری نه‌كردووه و بڵێت: "من له پشت خۆپیشاندانهكانهوهم" یان له دژی قسه بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی دژی خۆپیشانده‌كانی ره‌وتی سه‌در و ره‌وته سڤیله‌كان ده‌یانكرد، به‌ڵام كه‌میان هه‌ن قسه‌كانیان خاڵی بێت له تۆمه‌تباركردنی لایه‌نی ده‌ره‌كی كه ده‌وێت ره‌وشی باشووری وڵاته‌كه بته‌قێنێته‌وه و له ریگه‌ی ئه‌و گرووپ و ره‌وتانه‌ی پاڵپشتیان ده‌كه‌ن بیانه‌وێت خۆپیشاندانه ئاشتیانه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی توندوتیژی ببه‌ن و ئارامی و ئاسایشی وڵاته‌كه تێكبده‌ن تا عێراق بكه‌وێته ناو ئاژاوه‌وه.
به‌دووریشی نازانن ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نی دیكه ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بگۆڕن و ململانێكانیان بخزێننه ناو لیستی داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ره مه‌غدووره‌كانی عێراقه‌وه. تا به‌و رێگه‌یه ده‌ستكه‌وتی سیاسی و ئابوورییان هه‌بێت. ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی پاڵپشتیكردنی ئه‌و هێزه ناوخۆییانه‌ی بوونه‌ته هاوپه‌یمانیان له‌و ململانێ و كێبركێیه‌دا تا له‌سه‌ر حیسابی یه‌كتر و سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر حیسابی عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن.
كاتی ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان مایه‌ی پرسیاره؟
كاتی ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان كۆمه‌ڵێك پرسیاری به‌دوای خۆیدا هێناوه. له‌باره‌ی ره‌هه‌نده سیاسییه ناوخۆیی و پاڵنه‌ره هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پرسیاری زۆر هه‌یه و زۆرێك پێیوایه رۆڵی گرنگیان له فراوانكردن و گهورهكردنیدا هه‌یه.
چونكه رۆژی 3/7/2018 ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی له هه‌موو وڵاتانی جیهان و عێراقیش كرد و رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر رێگه له فرۆشتنی نه‌وتی ئێران بگیرێت، رێگه ناده‌ین نه‌وتی خۆیان بفرۆشن".
خۆپیشاندانه‌كانی باشووری عێراق رۆژی 8ـی تهمووز و ته‌نها دوای سێ رۆژ له زیادبوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز بوو كه 30% پێداویستی نه‌وتی بازاڕه‌كانی جیهانی پێدا تێده‌په‌ڕێت.
له 5/7/2018 محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانداری سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ته‌نگه‌ی هومزی كرد له‌به‌رده‌م كه‌شتیگه‌لی جیهانیدا. ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه بوو كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند له 4/11/2018 سزای ئابووری توندتر به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێ و رێگه‌ی نادات نه‌وته‌كه‌ی بنێریته ده‌ره‌وه‌و بیفرۆشێت.
له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانیش، خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره ده‌ستیپێكرد و گه‌رم بوو و یه‌كه‌م رۆژیش خۆپیشانده‌ران هه‌وڵیاندا رێگه له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراق و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی بگرن و خۆپیشانده‌ران گه‌مارۆی ئۆفیسه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باشوور و ژماره‌یه‌ك كێڵگه‌ی نهوتییاندا كه ئۆفیسی كۆمپانیا جیهانییه‌كانی بواری نه‌وتی ئه‌مه‌ریكی و رووسی و بریتانی و وڵاتانی دیكه‌ی تێدایه.
ئه‌گه‌ری زۆره ئێران هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و هێزه ناوخۆیی و گرووپه چه‌كدارانه‌دا گه‌یاندبێته ئاستێك بتوانن به‌رهه‌مهینان و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی عێراقی راوه‌ستێنن، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مه‌ریكا له رۆژی 4ـی نۆڤه‌مبه‌ر فشاری خسته سه‌ر كۆمپانیاكانی جیهان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی ئێران نه‌كڕن.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا نایشارنه‌وه كه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه رێگه له نه‌وتی ئێرانی بگرن و بیهێننه ئاستی سفر.
ده‌كرێت وا لێكبدرێته‌وه كه ئێران بۆیه له‌م كاته‌دا كاره‌بای له باشووری عێراق بڕیوه، تا خه‌ڵكی باشووری عێراق تووڕه بكه‌ن و بیكه‌نه كارتی فشار له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی كه‌نداو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن عه‌بادی بۆ خولێكی دیكه بكرێته‌وه سه‌رۆكوه‌زیران و مێزه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح كه نزیكه له ئێران هه‌ڵگێڕنه‌وه. ته‌نانه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان فراوان ببێت و هێزه ئه‌منییه‌كان خۆپیشانده‌ران ئه‌شكه‌نجه بده‌ن و ره‌وشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی حه‌شدی شه‌عبی بشكێته‌وه.
هێشتا ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ناكۆكییه‌كانی نێوان لیست و كیانه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان ترسێكه یه‌خه‌ی ئێرانی به‌رنه‌داوه‌و له خه‌می ئه‌وه‌دایه هاوپه‌یمانه‌كانی كه پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆریان كردووه، نه‌توانن سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت به‌ده‌ستبهێنن و له‌وانه‌یه له حكوومه‌ت دووربخرێنه‌وه.
بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی زۆر و باسكردن له شكستی عه‌بادی و حكوومه‌ته‌كه‌ی له رووی ئه‌منییه‌وه‌و رێگه‌گرتن له پشێوی، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ن كه ئێران رۆڵی له‌و خۆپیشاندانانه‌دا هه‌یه.
له رۆژانی یه‌كه‌می ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا، سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه نه‌یاری عه‌بادین پاڵپشتی خۆپیشانده‌رانیان كرد، ئێرانیش له‌م مانگه‌دا كاره‌بای له‌سه‌ر به‌سره بڕیوه كه شه‌پۆله‌كانی گه‌رما گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 50 پله‌ی سه‌دی. هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردووه دابینكردنی كاره‌با ببێته یه‌كه‌م داواكاریی خۆپیشانده‌رانی باشووری عێراق.
هه‌ر بۆیه ناكرێت رۆڵی ئێران له‌و بارودۆخه‌ی باشووری وڵاته‌كه به‌رچاو نه‌گیرێت، چونكه پێده‌چێت بیه‌وێت حیساباتی خۆی و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌گه‌ڵ عه‌بادی یه‌كلایی بكاته‌وه‌و به‌ڕه‌ی چانسی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت له ژێر پێی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ربهێنێ.
ئێران، عه‌بادی به پیاوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق ده‌زانێت، به‌هۆی شكستپێهێنانی ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریكا و سعوودییه له پاڵپشتیكردنی دووربخاته‌وه و مێزه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوپه‌یمانێتییه‌كانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسای هه‌ڵگێڕێته‌وه كه به هاوپه‌یمانی خۆیان ده‌زانێت.
هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران وه‌به‌رهینان له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به كه‌متر له‌و خواسته‌ی هه‌یانه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ دۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نه‌بێت، ده‌یانه‌وێت كۆی پرۆسه‌ی سیاسی په‌كبخه‌ن. جا چ ئه‌و حكوومه‌ته له‌لایه‌ن سائیروونی سه‌در و نه‌سری عه‌بادییه‌وه پێكبێت، یان له رێگه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی فراوانتر بێت، ده‌یانه‌وێت ده‌ستیان له‌و پۆست و ده‌ستكه‌وتانه گیر ببێت كه ده‌یانه‌وێت.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی سوپای عێراق ده‌كات، به‌ڵام ئێران له‌گه‌ڵ میلیشیا چه‌كداره‌كانی شیعه‌دایه. ئه‌و دۆخه‌ش مه‌ترسی به‌ریه‌ككه‌وتنی چه‌كداریی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا و ئیرانی له گۆڕه‌پانی عێراق زیاتر كردووه. ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامبن و ژماره‌ی قوربانییه‌كان به ده‌ستی پاسه‌وانی باره‌گاكان زیاتر ببن و گرژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه بكه‌وێته نێوان سوپا و حه‌شده‌وه، ئه‌مه‌ریكا ناچار ده‌بێت بۆ پاراستنی پرۆسه‌ی سیاسی و پاراستنی سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی عیراق، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی نێوان واشنتن و به‌غدا ده‌ستوه‌ردان بكات.